مافی مرۆڤ: حەشدی شەعبی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دەدات
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوكاری گروپێكی نێو یەكێتی كەركووك و بەشێكی خاكی كوردستانیان داگیركرد, لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دەستكراوە بە رەشبگیری و سوتاندنی ماڵی هاوڵاتیان و كوشتن لێدانی هاوڵاتیانی كورد, لە بەرامبەر ئەم تاوانانە دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان رایدەگەیەنێت، كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تاوانیجەنگ لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دەدات.
لە راگەیەندراوێكدا، كە رۆژی پێنجشەممە 19/10/2017 بڵاو كراوەتەوە و وێنەیەكی بۆ (خواكوڕك) نێردراوە، دەستەكە رایدەگەیەنێت، پێش داگیركردنی كەركووكیش، حەشدی شەعبی بەهۆی جیاوازیی نەتەوەیی و تائیفییەوە، تاوانی بەرامبەر هاووڵاتییانی كورد لە خورماتوو، بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە ئەنجام دەدا.
دەستەكە جگە لە دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو تاوانانە بە تایبەت بەرامبەر ژن و منداڵان، رایگەیاندووە، بێ دەنگی و چاوپۆشینی حكومەتی عێراق و لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاست ئەو تاوانانە، ”توشی سەر سوڕمانی كردین كە تا ئەمڕۆش ھیچ بەدواداچون و ھەوڵویستێكیان نەبووە“.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان كردە سەر كەركووك و شارەكەیان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە روویان لە هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان كرد.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی لە پەیامێكدا رایگەیاند، كە چەند “كاڵفام”ێكی ناو حزبەكەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی كوردستان جێبەجێ كرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركوك و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەكانی تری گەلەكەمان ئەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتی”.
دەقی راگەیەندراوەكە:
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی تاوانەكانی حەشدی شەعبی بەرامبەر هاوڵاتیانی كەركوك و دوز خورماتو دەكات و بەتاوانی جەنگی لەقەڵەم دەدات .
بەداخەوە دوای ڕوداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 ی كەركوك و دوزخورماتوو شوینەكانی ترو تەنانەت پیش ئەو ڕوداوو هێرشانەش ، هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكانی دووز خورماتو دەیان پێشیلكاری و تاوانیان بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە ئەنجام داوە تەنها بەهۆی جیاوازی نەتەوەیی و تائیفی و مەزهەبی ، ئەو تاوانانەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەكاتێكدایە كە ئەو هێزە لەلیستی شەرمنی نەتەوە یەكگرتوەكان هەژماركراوەو بەشێك لەو تاوانانەش بەهاوكاری هێزەكانی سوپای عێراق و تەنانەت بەبەرچاوی هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە ئەنجام دەدەن ، بەشێك لەوتاوانانەش دەچێتە چوارچیوەی تاوانەكانی جەنگ . ئەمەش وای كردوە كە سەدان هاوڵاتی ئاوارەو دەربەدەر بون لەخاك و ماڵی خۆیان لەهەردوو شاری كركوك و دوزو خورماتو و چەند ناوچەیەكی ترو ڕویان لەشارەكانی هەرێمی كوردستان كرد.
بەداخەوە ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێرای ئەوەی ئیدانەی ئەو تاوان و پێشیلكاریانە دەكەین كە لەلایەن حشدی شعبی یەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەت ژن و منداڵان دەكرێت لەهەمان كات نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بێ دەنگی و چاوپۆشینی حكومەتی عێراق و لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاست ئەو تاوانانە وە بەتایبەت بێ هەڵوێستی و بێ دەنگی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێڕاقی توشی سەر سوڕمانی كردین كە تا ئەمڕۆش هیچ بەدواداچون و هەوڵویستێكیان نەبوە بە رامبەر ئەو تاوانانەو تەنانەت بەپەیامێكیش ئیدانەی ئەو هەمو پێشیلكاری و تاوانەیان نەكردوە كە لەچەند رۆژی ڕابردوو ئەنجامدرا. بۆیە پێویستە هەرچی زووە چیتر ڕێگە بەو هێزە نەدرێت بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامدانی تاوانەكان و كوشتن و تاڵان كردنی ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان لەو ناوچانە بەتایبەت لەشاری كركوك و دووزخورماتو. داواش دەكەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجدی بێتە سەرخەت و وڵاتانی دۆست و جیهان بەگشتی تەنها تەماشاكارنەبن.
هەر لێرەوەش بەپێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی جەماوەری دڵسۆزو مرۆڤ دۆستی شارەكانی هەولێروسلێمانی و گەرمیان بكەین بۆ ئەو بەدەمەوە هاتن و پێشوازیەی لە خوشك و براكانی خۆیان كرد كە ئاوارەی ئەو شارانە بون ویان بڵێین میوانی ئەو شارانە بون وە هەروەها سوپاسی یەكە ئیداری و دام و دەزگاكانی ئەمنی و خزمەتگوزاریش كە هەمووان بەیەكەوە هاوكار بون لە دابین كردنی شوێن و پێداویستی و خۆراك و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان و بەو كارەش كەمێك لە ئازاری ئەو خەڵكەیان كەمكردەوە. مێژوەكی پر شانازی تریان تۆمار كرد .
لەگەڵ ڕێزماندا..…
دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ / هەریمی كوردستان
19/10/2017