سەرۆكی رووسیا: لە سەر كورد رەخنە لە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەگرێت

سەرۆكی رووسیا رەخنە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت لەبەرامبەر هەڵوێستی پاڵپشتیكردن لە سەربەخۆیی هەندێك نەتەوە و پشتكردن لە هەندێكی دیكە تاوەكو نەبنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، پووتین كوردستان و كەتەلۆنیا بەنموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت ئەوروپا و ئەمریكا بەرامبەریان دووڕوون.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا رۆژی پێنجشەممە 19-10-2017 لە گوتارێكدا رایگەیاند، یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا پاڵپشتییان لە جیابوونەوەی كۆسۆڤۆ كرد، بەڵام دژی جیابوونەوەی كریمیا لە ئۆكراینا و لكاندنی بە خاكی رووسیا وەستانەوە. سەرۆكی رووسیا بە ئاماژەدان بەوەی ئێستا حاڵەتی كەتەلۆنیا و كوردستان لە دوو شوێنی جیاوازدا هەن.

رایگەیاند: “وادیارە لای هەندێك لە سەرانی وڵاتی جیهان خەباتكاری شەرعی بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی هەن و ژمارەیەكی دیكەش هەن كە جوداخوازن و مافی ئەوەیان نییە تەنانەت لە رێگا و رێككاری دیموكراسییەوە بەرگری لە مافەكانیان بكەن”.

پووتین دەشڵێت: “ئەوەی ئێستا لەم بوارەدا دەبینرێت نمونەیەكی روونی دووڕووییە و ئێمەش هەمیشە گوتوومانە، ئەم دووڕووییە هەڕەشەی جددییە بۆ پێشكەوتنی سەقامگیرییانەی ئەوروپا و كیشوەرەكانی دیكە”.

رۆژی چوارشەممەش ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ئەنجامی گشتپرسیی باشووری كوردستانیان تاوتوێكرد.

Back to top button