سەندیكای پارێزەرانی كوردستان: بڕیاری دەستگیركردنی كۆسرەت ڕەسول هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە
دوای ئەوەی دادگایی رەسافەی بەغداد بڕیاری دەستگیركردنی بۆ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەركرد, سەندیكای پارێزەرانی كوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافەی تایبەت بە دەستگیركردنتی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە .
ڕاگەیەنراوەكە وێنەیەكی بۆ (خوكوڕك) نێردراوە و تیایدا هاتووە”لە درێژەی پێشێلكارییە دەستووریی و یاساییەكانی حكومەتی عێراق و دادگاكانی بەغدا و فیدڕاڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكەوتی 19 / 10 / 2017 دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە لە بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەركردووە”.
لەبەشێكیدی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەڵێ”ئێمە وەك سەندیكای پارێزەران بە تەواوی ئەو بڕیاڕە ڕەت دەكەینەوە كە دژی یەكێك لە سەركردەكانی میللەتەكەمانە و پێمانوایە كە بڕیارێكی سیاسییە و هیچ بنەمایەكی یاساییی و دەستووری نییە ، وه حكومەتی عێراق، دادگای وەك ئامرازێك بەكارهێناوە بۆ سزادانی سیاسیانەی میللەتی كورد و سەركردەكانیی و دەزگا یاساییە فەرمییەكانی، هاوكات پڕۆپاگەندەشە بۆ فریودانی جەماوەری خۆیان و تەواو پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە كە گوایە بۆ دایالۆگ لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئامادەن”.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە”داواكارین بەو بڕیارەیان دا بچنەوە و ئامادەین گشت ڕێككارێكی یاساییی بگرینە بەر بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو بڕیارە و بڕیارە نادەستوورییی و نایاساییەكانی تر”.