شاخەوان عەبدوڵڵا: حەشدی شەعبی كەركووكی جێنەهێشتووە

پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بوونی ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە شاری كەركووك رایگەیاند: “هێزەكانی حەشدی شەعبی لە هەموو شوێنەكانی ناو شاری كەركووكن، تەنانەت لای بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی و باشووری كەركووك و هەموو شوێنەكان هێزەكانی سەرایای خوراسانی و عەسائیبی ئەهلی حەق و حزبوڵڵای حەشدی شەعبی بوونیان هەیە”.

شاخەوان عەبدوڵڵا قسەكانی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی رەتكردەوە كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتبووی: “حەشدی شەعبی لە كەركووكدا نەماون” و گووتی: “با كاك سەعدی بێت پێكەوە دەڕۆین هەموو ئەو شوێنانەی نیشان دەدەم كە هێزەكانی حەشدی شەعبی تێدان”.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەكرد كە “بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق كەركووك جێبهێڵن و تا بكرێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە بێت، چونكە ناكرێت خەڵك لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بێن و لە كەركووك دانیشن و حاكم بن، بۆیە كەركووك ئێستا داگیركراوەو بەشكۆوە بۆی دەگەڕێینەوە”.

 

Back to top button