راگه‌یاندراوێك له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌باره‌ی شه‌ڕی ئه‌مرۆی پردێ

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌….

ئه‌مرۆ سه‌رله‌به‌یانی هێزه‌كانی حەشدی شعبی به‌ چه‌ك و تۆپ و تانكی ئه‌برامزی ئه‌مه‌ریكی هێرشێكی گه‌وره‌و به‌ربلاویان هێنایه‌ سه‌ر هێزه‌كانمان له‌ پردێ و به‌ره‌و جاده‌ی سه‌ره‌كی پردێ-هه‌ولێر.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان لێیان هاتنه‌ ده‌ست و به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه‌ بۆ به‌رگری كردن له‌ كوردستان و گه‌له‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ما‌ن و له‌ شه‌رێكی سه‌خت و پاله‌وانانه‌دا هه‌موو هێرشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی دووژمنی داگیركه‌ر به‌ حشدی نا شعبی و هاوكاره‌كانیانه‌وه‌ له‌ پاسدار و كه‌سانی خۆفرۆش تێك و پێك شكێنران و پاش گورزێكی كووشنده‌ پاشه‌كشه‌یان پێكرا وه‌ ده‌ست خۆشی له‌ هه‌موو برا پێشمه‌رگه‌كان و ئه‌فسه‌ران و فه‌رمانده‌كان ده‌كه‌ین له‌ هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌ی هه‌شتا و فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی و فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌ك و هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر و هێزی تایبه‌تی یه‌ك و ئاسایش كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شه‌ره‌ دوو ده‌بابه‌ كه‌ یه‌كێكیان ئه‌برامزی ئه‌مریكی بوو له‌ گه‌ڵ یه‌ك مدره‌عه‌ و زیاتر له‌12هه‌مه‌ڕ و ئالیات تێكشكێندران و ژماره‌یه‌كی زۆر كووژراو و برینداریان  به‌دوای خۆیان دا راكێشا كه‌ به‌ پێی هه‌واله‌كان زیاتر له‌ سه‌د و په‌نجا چه‌كدار ده‌بن كه‌ زۆربه‌یان گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركووك ئه‌م داستانه‌ پیرۆزه‌ به‌ خوێنی ئاڵی شه‌ش شه‌هیدی نه‌مر و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی بریندار ره‌نگین كرا.

ئێمه‌ له‌ كاتێكدا پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین و سوپاسی بێ پایانمان به‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی ئه‌م داستانه‌ ده‌گه‌یه‌نین چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك یه‌كه‌كان كه‌ جگه‌ له‌ قاره‌مانیه‌تی هیچ تاقسیرێكیان نه‌بوو وه‌ ئیسپاتیان كرد كه‌ ئه‌م هێزه‌ داگیركه‌ره‌ ده‌شكێندرێت و ریسوا ده‌بێت. سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان داده‌نوێنین هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكیان و ته‌مه‌ننای چاك بوونه‌وه‌ به‌ زووترین كات بۆ برینداره‌ قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌ین.

هه‌ر بژی پێشمه‌رگه
‌فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووك – پردێ

٢٠|١٠|٢٠١٧

Back to top button