۳۱ی ئاب، بەکورتی
نیاز حاجی
1. هیچ نکۆڵیمان لەوە نیە کە لە ۳۱ی ئاب، هەولێر بەهاوکاری حکومەتی عێراق گهڕایەوە. بەڵام بۆ گیرانی سلێمانی و شار و شارۆچکەکانیتر خۆ سوپای عێراقی لەگەڵدا نەبوو، خۆ تا سەیرانبەن سوپای عێراق لە دوایان نەبوو ؟!
2. ئەی ئەوان بەهاوکاری کێ دوای ۳۱ی ئاب، تا دێگەڵە گەڕانەوە؟
3. دوای ۳۱ی ئاب کورد بەرەو پێش چوو یان بەرەو دواوە؟
4. وڵاتانی رۆژئاوا و دۆستانی کورد کاردانەوەیان چی بوو بەرامبەر ئەو روداوە، پێشوازیان لێ کرد یان ئیدانە؟ بۆ لەکاتی بەزاندنی هێلی ۳٦ بێدەنگیان هەڵبژارد؟
5. دوای ۳۱ی ئاب هەولێر چ هێزێکی تێدا مایەوە تا ئێستا؟
6. ئەگەر ۳۱ی ئاب نەبا، ئایا تەواوی هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات لە نێو نەدەبران؟
7. ئەگەر ۳۱ی ئاب نەبا ئێستا هەولێر پڕاوپڕ کرابوو لە حوسەینیە، ئەی پێش ۳۱ی ئاب چەند شەقامێکی ناو نەنرابوون بە شەقامی ئیمام خومەینی و ئاغای محمدی و … هتد؟!
8. لە ۳۱ ئاب پارتی سەلماندی کە توانای مناوەرەکردن و پەیوەندیەکانی لە چ ئاستێکدایە و ئەوانی تریش لە چ ئاستێکدان! تەنها وەڵامیشم بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەو پرسیارەیە لە خودی خۆی ((ئایا ئەزانی لە ۳۱ ئاب کێ و کێ بەدیل گیران؟)). بۆ ئەوانەش کە ۳۱ی ئاب بە خیانەت دەزانن و عاتفیانە بیردەکەنەوە، ئەی ئەوەی ئێستا یەکێتی و گۆڕان و چەند هێزێکی تر دەیکەن سەدجار لە ۳۱ ی ئاب خیانەت تر نیە؟ ئەوان بودجەیان بڕی و حەشدیان هێنا و لەسەنگەری بەغدان دژی کورد و سەربەخۆیی و خەریکی دابەشکردنی زیاتری کوردستانن، خۆ ئەوە لەبەر چاوی خۆمانە و مێژوو نیە !
بۆیە ۳۱ی ئاب جێگای شانازیە، نەک تەنها بۆ پارتی بەڵکو بۆ تەواوی کورد لە گشت پارچەکان.