جەمیل هەورامی: واژۆم لەسەر ڕێككەوتنەكەی پافڵ تاڵەبانی و قاسم سولەیمانی نەكردووە

 

دوای ئەوەی پافڵ تاڵەبانی ڕای گەیاند، كە لەسەر ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی 38 سەركردەی یەكێتی واژۆیان كردووە، جەمیل هەورامی، ئەو دەنگۆیە ڕەت دەكاتەوە و جەختیشیكردەوە، كە هەرگیز سازش لەسەر نیشتمان ناكات.
جمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕای گەیاند: “ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن و كەسایەتی وێنەی نووسراویكیان بڵاو كردووەتەوە، كە گوایا ئێمە واژۆمان كردووە و پرسمان پێ‌ كراوە”.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی، وێنەیەكی لەگەڵ ڕاگەیاندراوەكەیدا بڵاوكردووەتەوە، گوایا ئیمزای ئەویش لەسەر ئەو ڕێككەوتنە هەیە كە بەهۆیەوە كەركووك وبەشێكی زۆر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنانی، چۆڵ كرا.

 

ئەو سەركردەیەی یەكێتی، نووسیویەتی: “ئەوەی لە نزیكەوە جەمیل هەورامی بناسێت، دەزانێت قەت لە پێناو هیچ شتێكیدا ئامادە نەبووە سازش بكات، چ جای ئەوەی سازش لە نشتیمانیك بكات كە هەموو تەمەنی خۆی لە پیناو پاراستنی دا داناوە”.

 

هەروەها لە دوو خاڵدا ڕای دەگەیەنێت: “یەكەم/ من واژۆم لەسەر هیچ ڕێككەوتن و نووسراوێك نەكردووە و كەسیش بەندەی ئاگادار نەكردووەتەوە لە بابەتیكی وەهادا.
دووەم / جەمیل هەورامی لەسەرەتای شەڕی داعشەوە وەك پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بووە و ئێستاش تەمەن ڕێگە بدات هەر پێشمەرگەی پاراستنی خاك و نەتەوەكەمم”.

 

دوای ئاشكرابوونی ڕێككەوتنی پافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی و كەسە نزیكەكانی تریان لەگەڵ قاسم سولەیمانی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ بەدەستەوەدانی كەركووك و خانەقین و ناوچەكانی تر، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا (پافڵ تاڵەبانی) ڕای گەیاند، كە لەكۆی 50 سەركردەی یەكێتی، 38یان واژۆیان لەسەر ڕێككەونەكە كردووە، بۆیە هەردوای ئەو دیدارە، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكان، ئەو دەنگۆیەیان ڕەتكردەوە.

Back to top button