نەتەوەیەكگرتووەكان : پێكدادانی بەغدا و هەولێر بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 136هەزار هاووڵاتی
نەتەوەیەكگرتووەكان نوێترین ئاماری لە بارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئاوارانە راگەیاند، كە بە هۆی لەشكركێشی جەیش و حەشدی شەعبییەوە بۆ سەر كەركووك و خورماتوو ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە.
نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، ژمارەی ئاوارەكان گەیشتووەتە 136 هەزار ئاوارە.
فەرحان حەق، جێگری وتەبیژی رەسمی بە ناوی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، رەوشەكە ئاڵۆز بووە بەو هۆیەوە هاووڵاتیان ناچار بوون رابكەن و سەرلەنوێ دوای چوونەوەیان سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوونەتەوە.
گوتیشی: ئەوان لە ترسی سەرهەڵدانی كردەوەكانی توندوتیژی رایانكردووە.
هەروەها گوتی: ئێمە زۆر نیگەرانیین لە بارەی زیاتر بوونی ژمارەی ئاوارەكان.
ناوبراو داواشی لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، هەنگاوی هەماهەنگانە بگرنە بەر لە پێناو خۆبەدوورگرتن لە پێكدادان.
لە 16ی ئۆكتۆبەردا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و جەیش، لە سنوورەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووكەوە جووڵەیان پێكرا بۆ داگیركردنی شارەكە.
لە بەرەبەیانێكی زوودا بە هۆی رێككەوتنێكی نهێنی نێوان ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی و میلیشیاكانی حەشد كە بە سەرپەرشتی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئەنجامدرابوو، هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشێیان پێكرا.
هاوكات هێزێكی دژە تیرۆری سەر بە لاهور جەنگی هاوكاری میلیشیاكانی حەشدی كرد بۆ ئەوەی لە دەروازە سەرەكییەكانی كەركووكەوە بێنە ناو شارەكە و خەڵكی شارەكە ئاوارە بكەن.
بە هۆی ئەو رووداوانە و مەترسییەكانی كۆمەڵكوژی هاووڵاتیانی شارەكە، بە هەزاران هاووڵاتی كوردی نیشتەجێی كەركووك و خورماتوو و پردێ و ناوچەكانی دەوروبەریان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ئاوارە بوون.
لە دوای شاڵاوەكانی راگواستنی كورد، كە رژێمی بەعس ئەنجامیدەدا، ئەوە یەكەمجارە كورد لە كەركووك ناچار بكرێت رەو بكات و ماڵ و حاڵی خۆی بەجێبهێڵێت.
لە ئێستادا رەوشی كەركووك بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت و بەشێك لەو چەكدارانەی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد هاتوونەتە شارەكە لە هەوڵی ئەوەدان تێیدا بمێننەوە و جێگیر بن، وەك هەوڵێك بۆ تەعریب كردنەوەی شارەكە.