مه‌نسور بارزانی:حه‌شدی شه‌عبی پاشكشه‌ی كرد و كوژراو برینداریشیان هه‌یه‌

پاش تێكشكاندنی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی میللیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ گوندی مه‌حموودیه‌ له‌ شاره‌دێی ره‌بیعه‌، فه‌رمانده‌ی له‌شكری تایبه‌تی یه‌ك و گوڵان رایده‌گه‌ێنێت” پێمان گوتن كه‌ نزیك سه‌نگه‌ره‌كانمان نه‌بنه‌وه‌ به‌ڵام هه‌رهاتن بۆیه‌ لێماندان.

له‌و باره‌وه‌ (مەنسوور بارزانی) فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەك و گوڵان بە کوردستان24 راگه‌یاندوه‌”به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 24/10/2017 حه‌شدی شه‌عبی هێرشی كردووەته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی مه‌حمودیه‌ له‌ نزیك ره‌بیعه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ش‌ به‌ توندی وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا هێزی پێشمه‌رگه‌ دوو هه‌مه‌ر و باجه‌رێكی حه‌شدی شه‌عبی سوتاندوه‌ و حه‌شدی شه‌عبی ناچاركردووه‌ كه‌ پاشكشه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان.

فه‌رمانده‌ی له‌شكری تایبه‌تی یه‌ك و گوڵان ئه‌وه‌شی باسكردووه‌ “كه‌ حه‌شدی شه‌عبی كوژرا و برینداری هه‌ی،به‌ڵام تا ئێستا نازانین رێژه‌كه‌ چه‌نده‌، و له‌ ئێستاشدا هێرشه‌كه‌ تێكشكاوه‌ و حه‌شد پاشكشه‌ی كردووه‌.

ئه‌وه‌ی شیاوی باسه‌” له‌ پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ هاوكاری باڵێكی یه‌كێتی و سوپای پاسداران هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ریمی كوردستان و به‌شێك له‌ خاكی كوردستانی داگیركردووه‌، ناوه‌ به‌ ناوه‌ش شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، له‌و باره‌شه‌وه‌ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا دوێنێ ئه‌وه‌ی باسكرد” كه‌ له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری رابردوودا هێزه‌كانی عێراق هێزێكی زۆری له‌ تانك و زرێپۆش و هامه‌ر و چه‌ك و ته‌قه‌مەنی ئه‌مریكی زیاتریان له‌ ناوچه‌كانی ده‌ووروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان كۆكردوەته‌وە، عێراق هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ كۆتایی هێنانی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی نه‌داوه‌”.

Back to top button