نەجمەدین کەریم: ئاڵا تاڵەبانی دەمێکە خۆی فرۆشتووە، لەم کۆتاییەدا خاكیشی فرۆشت

دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوکاری گروپێکی ناو یەکێتی هێڕشیان کردە سە کەرکووک، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕای گەیاند، پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی ڕێزیان لە گۆڕی تاڵەبانی نەگرتووە و مام جەلال لەو کارەیان بەرییە. ئەوەشی نەشاردەوە کە ئاراس جەنگی بەوە بەناوبانگە کە ”قسەی ڕاستی زۆر کەمە“.

کەمێک لەمەوبەر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی (NRT) ئاماژەی بەوە کرد کە کەرکووک بە شاری خۆی دەزانێت نەک شاری لاهور جەنگی و ئاماژەی بەوە کرد کە ”پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی کێشە و ناکۆکییان لەنێوان دایە“، جگە لەوەی ئاراس جەنگی ”بەوە بەناوبانگە کە قسەی ڕاستی زۆر کەمە“.

بە ڕەخنەیەکی زۆرەوە باسی لە ڕادەستکردنی کەرکووک لە لایەن گرووپێکی ناو یەکێتی گرت و ئاماژەی بەوە کرد: ”مام جەلال لەو کارەی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بەرییە، ئەو تەنیا 6 ڕۆژ بوو لە گۆڕدا بوو کە ئەمەیان بەرامبەری کرد، ئەگەر ڕێزیان لێ بگرتایە ئەمەیان نەدەکرد“.

لەبارەی بانگەشەکانی ئەو گرووپەی نێو یەکێتی کە گوایە کەرکووک ئارامە، نەجمەدین کەریم گوتی: ”کابرای پۆلیس ویستی بە کوردی قسە بکات، عەسکەرەکە نەیهێڵا بە کوردی قسە بکات، ئیدی بە چ ڕووێکەوە ئەمانە دەڵێن کەرکووک ئارامە؟ ئەمانە کەرکووکیان فرۆشت، ئێستاش کادیرەکانی خۆیان ناوێرن لە کەرکووک کۆبوونەوە بکەن، دەچنە قەرەهەنجیر. ئەمانە ناوی پێشمەرگەیان لە دونیا کەم کردەوە کە بە ئازایەتی ناسرابوو“.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە لە حەفتاکانەوە وازی لە حزبایەتی هێناوە و دەڵێت: ”مام جەلال نەبووایە، من ئیشم لە سیاسەت چی بوو؟ ئێستاش من بە قسەی مناڵە ورتکە کە هاتوونەتە سەر یەکێتی و دەوڵەمەند بوونە و خەڵکیان ئازار داوە و ڕەنگە خەڵکیشیان کوشتبێت، لاواز نابم و کەی بمەوێت واز لە حزبەکەم بهێنم، هەموو دونیا تێدەگەیەنم. ئەو حزبە شەهیدی داوە و قوربانی زۆرە. ئەو گرووپە گەورەترین زەرەریان لە یەکێتی داوە“.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا نەجمەدین کەریم وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، بە مەرجی ڕەزامەندیی بەغدا ئامادە بووە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا پێ بدات و گوتی: ”بۆ گەڕانەوەی من وەکوو هاووڵاتییەکی ئەمریکی، کونسوڵخانە پێویستی بەوە نییە بەغدا رێگەی پێ بدات. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کونسوڵ نامەیەکی بۆم ناردووە و دەڵێ نیگەرانم و هیوادارم باش و سەلامەت بیت، منیش سوپاسم کردووە. سبەی دەتوانم بڕۆمەوە و هیچ بەربەستێک نییە و چەند ڕێگەیەکیشم بۆ ڕۆشتن هەیە، بەڵام من لە وڵاتی خۆمام و بۆچی بڕۆمەوە؟ خەڵکێکی زۆری شارەکەم ئاوارە بوونە و لەگەڵ نەوزاد هادی کۆبوومەتەوە کە چۆن هاوکارییان بکەین؟ دڵنیاین لە سلێمانی چۆن پێشتر پێشوازییان لێکراوە هەروا دەبێت“.

لە کۆتایی قسەکانیدا پارێزگاری کەرکووک دووپاتی کردەوە کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شارەکەی بە دروست دەزانێت و ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەوەی لە کەرکووک کرا، ڕیفراندۆمیش نەکرایە عێراق هەر دەیکرد و ڕەنگە خراپتر و بەهێزتر بووایە. ئێستاش بێتەوە سەر ڕیفراندۆم، ئەوە دەکەینەوە و ئەمە لە مێژوودا دەمێنێ و کەرکووک دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە“.

هەروەها لەبارەی قسەکانی ئاڵا تاڵەبانی، نەجمەدین کەریم گوتی:ئاڵا تاڵەبانی دەمێکە خۆی فرۆشتووە، لەم کۆتاییەدا خاكشی فرۆشت.

پێشتر بەپێی ڕێککەوتنێک، گرووپێکی نێو یەکێتی کە لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی، ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند، ڕەفعەت عەبدوڵا و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی) پێکهاتبوون، لە ڕۆژی 16/10/2017 و لە کاتی هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەر کەرکووک و خورماتوو، فەرمانیان بە بەشێک لە هێزەکانی سەر بە یەکەی 70ی پێشمەرگە کرد، بەرگری نەکەن و بەو هۆیەوە کەرکووک و خورماتوو و زۆر ناوچەی کوردستانیی دیکە کەوتنە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تاوانێکی زۆریان لەو ناوچانە ئەنجام دا. لەمبارەیەشەوە لە پەیامێکدا کە ڕۆژی 18/10/2017 بڵاوی کردەوە، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“ کە مەبەستی لەو باڵەی یەکێتی بوو کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق کردووە

Back to top button