لە بارەی كوردستانەوە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل داوایەك ئاراستەی جیهان دەكات
لە میانەی بەشداری كردنی لە ساڵرۆژی كۆچی سەركردەیەكی وڵاتەكەی لە ساڵی 2010 سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل هاوسۆزییەكی مەزنی بۆ خواستی كورد هەیە و دەبێ جیهان گرنگی بە داهاتووی كورد بدات.
رۆژی سێشەممە 24-10-2017 لە رێوڕەسمێكدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەكەی هاوسۆزییەكی مەزنی بۆ خواستی كورد بۆ سەربەخۆیی هەیە, هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێ جیهان گرنگی بە ئاسایش و داهاتووی كورد بدات.
ئیسرائیل تاكە وڵاتە بە ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەربڕیوە. چەندین جار سەرۆكوەزیران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەمان پەیامیان بڵاوكردووەتەوە.
بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2014 بنیامین نەتانیاهۆ پشتگیریی ئیسرائیلی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان راگەیاند. مانگی ئابی ئەمساڵیش كاتێك لەگەڵ 35 كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانی ئەمریكا كۆبووەوە و نەتانیاهۆ رایگەیاند، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و رۆژئاوایە دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت.
دوو هەفتە پێش ئەنجامدانی گشتپرسیش، بنیامین نەتانیاهۆ راگەیێندراوێكی دیكەی لەبارەی سیاسەتی وڵاتەكەی بەرامبەر كورد بڵاوكردەوە و رایگەیاند “پشتگیری مافی شەرعی گەلی كورد دەكەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان”.
رۆژی 11-9-2017، ئایلێت شاكید، وەزیری دادی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل پشتیوانی لە سەربەخۆیی كورد، بەلایەنی كەمەوە لەسەربەخۆیی كوردی عێراق دەكات. گوتیشی “ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا بەرژەوەندییەكی زۆریان لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان هەیە. پێموایە ئێستا كاتی هاتووە، ئەمریكا پشتیوانی لەو پرۆسەیە بكات”.
ئێران ئیسرائیل بە پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان تۆمەتبار دەكات. محەممەد محەممەدی گوڵپایەگانی، بەرپرسی نووسینگەی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، ئەمریكا و ئیسرائیل لە هەوڵدابوون، ئیسرائیلی دووەم لە كوردستانی عێراقدا دروست بكەن بەڵام، بە راسپاردەكانی رێبەر(خامنەیی) و فیداكارییەكانی قاسم سولەیمانی پلانەكە شكستی هێنا و بەبێ ئەوەی خوێن لە لووتی كەسێك بێت كەركووك رزگار كرا.