مەكتەبی سیاسی یەكێتی: كورد بەر رقی شۆڤێنی‌ و تایفەگەری كەوتووە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەند خاڵێك لەبارەی پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی دەخاتەروو و داوا دەكات: “بەهەموو تواناوە، بەهانای لێقەوماوانی دوزخورماتووە، بچن. بەڵكو وەكو ناوچەیەكی لێقەوماو حساب بكرێ‌. ھەروەھا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەپەرلەمانی عێراق پێكبێت، بۆ دەرخستنی تاوانەكان‌و راسپاردنی حكومەت كە رێگە بگرێ‌ لە تاوانی زیاترو سزادانی تاوانباران‌و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوان”.

لە خاڵێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: “هەقوایە، هیچ كاربەدەستێكی كوردو سیاسییەك ‌و پەرلەمانتارێك، ئامادە نەبن چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە چەكدارە تاوانبارەكان بكەن ‌و لەباتی ئەوەی داوا بكەن سزایان بدەن، كەچی سەردانیان دەكەن‌و رێزیان لێدەگرن”.

دەقی راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

بەبۆنەی كارەساتی تایفەگەری لە دوزخورماتو

ئەی نەتەوە یەكگرتوەكان!

رای گشتی جیهان!

لایەنە عێراقیە نیشتمانپەروەرەكان!

هەروەكو نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان‌و رێكخراوی مافی مرۆڤی جیهان دانی پێداناوە، دوزخورماتو، لە كەركوك‌و شارەكانی تر، لەدوای كارەساتی (16/10)وە، زیاتر كەوتۆتە بەردەم رقێكی تایفەگەریەوە. هەزاران خێزان ئاوارە كراون. سەدان ماڵی كورد، سوتێنراون، یان دزراون، دەیان هاوڵاتیش شەهید كراون. ئەمە جگە لە بێسەروشوێنكراوان لەناوچەكەداو سوتاندنی زیاتر لە دوو هەزار ماڵی هاوڵاتی.

هەموو جیهان دەزانێ‌، لەدوای شەڕێ‌ داعشەوە، نەخشەی تایفی هەبوو، دوزخورماتو، هەتا دەگاتە ئامرلی‌و سلێمانبەگ‌و یەنگەجە، كۆنترۆڵی تایفی بكرێ‌. ئێستا، نەك هەر ئەو ناوچەیە، بەڵكو كوردیش بەر ئەو رقە شۆڤێنی‌و تایفەگەرییەی هەندێك گروپی چەكداری توندڕەو كەوتووە، كە بەناوی شیعەوە، دەیانەوێ‌ خۆیان بسەپێنن.

ئەگەر بێت‌و نەتەوە یەكگرتوەكان‌و حكومەت‌و پەرلەمانی عێراق‌و ئەمریكا فریانەكەون، ئەم ئاگرە تایفییە مەترسیی جینۆسایدكردنی كوردی لەو ناوچە كوردستانیە كێشەلەسەرە لێدەكەوێتەوە. بۆیە:

یەكەم: داوا دەكەین، بەهەموو تواناوە، بەهانای لێقەوماوانی دوزخورماتووە، بچن. بەڵكو وەكو ناوچەیەكی لێقەوماو حساب بكرێ‌.

دووەم: لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەپەرلەمانی عێراق پێكبێت، بۆ دەرخستنی تاوانەكان‌و راسپاردنی حكومەت كە رێگە بگرێ‌ لە تاوانی زیاترو سزادانی تاوانباران‌و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوان.

سێهەم: هەقوایە، هیچ كاربەدەستێكی كوردو سیاسییەك‌و پەرلەمانتارێك، ئامادە نەبن چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە چەكدارە تاوانبارەكان بكەن‌و لەباتی ئەوەی داوا بكەن سزایان بدەن، كەچی سەردانیان دەكەن‌و رێزیان لێدەگرن.

جەماوەری غەدرلێكراوی دوزخورماتوو!

خەڵكی كوردستان!

یەكێتی، هەر لەسەرەتای شەڕی بەرەنگاری داعشەوە، دژی هاتنی هێزی چەكداری جۆراوجۆر بووە، بۆ ناو دوزخورماتو. هەوڵی زۆریشمان دا، دوای هاتنیان بكشێنەوە. بەڵام بازرگانانی خوێن‌و فرمێسك، سورتر دەبون لەسەر داگیركاری‌و كوشت‌وكوشتار.

لەدوای (16/10)وە، لەهەموو بارێكەوە، لەگەرمیان‌و سلێمانی‌و چەمچەماڵ‌و هەرشوێنێك خەلچكی لێقەوماوی دوزخورماتو، هانایان بۆ بردبێ‌، بەهەموو توانایەك، خزمەتمان كردون. ئێستاش، یەكێتی خۆی بە پارێزەری راستەقینەی خەڵكی شارەكەو دەوروبەری دەزانێ‌، هەرچی لەدەست بێت، لەجیهان‌و عێراق‌و كوردستان درێغی لێناكات، هەم بۆ خزمەتكردن‌و هەم بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەیان.

-سڵاو بۆ شەهیدانی غەدرلێكراوی دوزخورماتو.

-سڵاو لە خەڵكە كۆڵنەدەرەكەی.

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

25/10/2017

Back to top button