شێخ جەعفەر: پێشمەرگە دەگڕێتەوە کەرکووک
دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوکاری گروپێکی خیانەتکار لەنێو یەکێتی کەرکووکیان داگیرکرد، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕای گەیاند، پێشمەرگە لە هەر دەرفەتێکدا بێت، دەچێتەوە شوێنەکانی خۆی لە سنووری کەرکووک. جەختیشی لەوە کردەوە فەرمانی دەستگیرکردنی کۆسرەت ڕەسول لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ”خەیاڵە“.
شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەکانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند: ”کەرکووک لەلایەن سوپای عێراقەوە داگیر کراوە، بەڵام ھێزی پێشمەی کوردستان، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە و لە ھەر هەلێکدا بێت، ھێزی پێشمەرگە دەچێتەوە شوێنەکانی خۆی“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “کەرکوک شارێکی کوردستانیی گرنگە، بۆیە زەمینەسازی بۆ ئەوە دەکەن کە ھێزی پێشمەرگە لە ھەر هەلێکدا بێت، بچێتەوە شوێنەکانی خۆی“.
ئەو فەرماندە باڵایەی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، نەیشاردەوە: ”وەک فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، زۆر گەشبینم بەوەی کە ھێزی پێشمەرگە جارێکی دیکە کەرکوک بگرێتەوە، بێگومان بەھەوڵ و ماندووبونی پێشمەرگە قارەمانەکان، کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە“.
شێخ جەعفەر، لەبارەی بڕیاری دادگای رەسافە بۆ دەستگیرکردنی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆسرەت ڕەسول دەستگیر بکات، چونکە ئەوە بڕیارێکی سیاسییە، پاشان کاک کۆسرەت بەرپرسی دووەمی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، بۆیە دەستگیرکردنی کۆسرەت ڕەسول لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە جگە لە خەیاڵ، هیچی دیکە نییە“.
ڕۆژی 16/10/2017، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، حزبوڵای لوبنانی و سوپای عێراق)، بە پشتیوانیی هێزێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و بەو هۆیەوە دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت و سەدان پێشمەرگە و خۆبەخش و هاووڵاتییان شەهید کرد و ماڵی کوردانیان لە خورماتوو و کەرکووک سووتاند. هەر بەو هۆیەشەوە نزیکەی 200 هەزار کەس لە ناوچەکانی کەرکووک و خورماتوو ئاوارە بوون. دواتر لە ڕۆژی 18/10/2017، کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“