ئێران سوپاسی ئەم پێنج ژنە دەكات كە كار بۆ یەكپارچەی خاكی عێراق دەكەن

 

ماڵپەڕەی فەرمی و زمانحاڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق، جیا لە ڕێبەرانی سیاسی و مەزھەبی، پێنج ژن ڕۆڵیان گێڕاوە كە لە نێویاندا (ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید) هەن.

ماڵپەڕی (ئیرنا) لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی، ئەو پێنج ژنە سێ كەسیان لە ھەرێمی كوردستانن و دوو كەسی دیكەشیان لە باشووری عێراقن كە بە باوەڕی كارناسان، ئەو پێنج كەسە لە ڕیزی كاریگەرترین ئەو كەسانە دان كە لەناو چالاكوانە حزبی و سیاسییەكاندا لە ڕزگاركردنی عێراق و یەكپارچەیی عێراقدا دەوری بەرچاویان گێڕاوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا ھاتووە: “لەسەرووی ھەموویانەوە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ھاوسەری جەلال تاڵەبانی، سەركۆماری پێشووی عێراقە كە كاریگەری لەسەر پاڤێڵ و قوباد تاڵەبانیی كوڕی ھەیە و پێشی لە دایبوونی عێراق گرت“.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی فەرمیی ئێراندا ھاتووە: “سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دووەمین ژنی كاریگەرە لەم بارەوە و بەھۆی دژایەتیكردنی سیاسەتەكانی بارزانی، لەناو حزبەكەی خۆی و سەرتاسەری عێراق، جێگەی ڕێزە و لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا لە ڕاگەیەندراوێكی ڕوون و ئاشكرادا گوتی، بەشداریی ئەو ڕیفراندۆمە نابێت”.

لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا ھاتووە: “ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، یەكێكی دیكە لەو ژنانەیە لە بەرانبەر ڕیفراندۆمی كوردستاندا وەستایەوە و بەرگری لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كرد و بە توندی لە بەرانبەر سەربەخۆخوازەكان وەستایەوە و تەنیا ژن و كەسێك بوو كە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی جەلال تاڵەبانیدا بە بوونی ئاڵای ھەرێمی كوردستان لەسەر تابووتەكەی مام جەلال ناڕەزایی دەربڕی و گوتی دەبووایە بە ئاڵای عێراقەوە بیپێچنەوە”.

لەو ڕاپۆرتەدا (ئیرنا) ئاماژەی بەوەش كردووە: “جیا لەم سێ ژنە كوردە، حەنان فەتلاوی و عالیە نسەیەف، دوو پەرلەمانتاری عێراقی بوون كە ڕۆڵی كاریگەریان گێڕاوە كە بە دەربڕینی بۆچوونی دژایەتیی خۆیان لە بەرانبەر نیازەكانی پشت ڕیفراندۆمی كوردستان، زیاتر لە پەرلەمانتار و پیاوە سیاسییەكان لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقدا دەوریان گێڕاوە“.

 

Back to top button