عەبادی سەردانی سووریا دەكات
دوای سەردانی بۆ هەریەكە لە وڵاتانی توركیا و ئێران وا چاوەڕوان دەكرێت كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دیداری بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بگاتە دیمەشق.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوتلەی دەوڵەتی یاسا جاسم محەممەد جەعفەر لە لێدوانێكدا بۆ سایتی دیجلەی عێراقی رایگەیاند، عەبادی ئامادەكاری دەكات بۆ سەردانی سووریا بە مەبەستی روونكردنەوەی روانگەی عێراق لە بارەی داهاتووی ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكان و پشتیوانیكردنی سەقامگیری و ئاسایش بە هاوكاری وڵاتانی دراوسێ.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: سووریا وڵاتێكی گرنگی ناوچەكەیە و رۆڵی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ناكرێت رۆڵی لەبەر چاو نەگیرێت.
ئەوەشی گوت: عەبادی لە سووریا و توركیا و ئێران و سعوودیە و میسر و ئەردەن روانگەی عێراق تاوتوێ دەكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوتلەی دەوڵەتی یاسا جاسم محەممەد جەعفەر ئاشكراشیكرد، كە ئەمریكا لاری نییە لە سەردانی عەبادی بۆ سووریا و كۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد بەو پێیەی مانەوەی بەشار ئەسەد لە پۆستەكەی بووەتە پێویستییەكی گرنگ بۆ ئەمریكا.