ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا تاووتوێی چوار پـرۆژە بڕیاری دژ ئێران و حزبوڵڵای لوبنان دەكات
دوای ئەوەی دۆنالًد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند كە ستراتیژیەتكێتی نوێی دەبێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئێران, بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دەنگ لەسەر چوار پـرۆژە بڕیاری نوێ بدات كە لە دژی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان ئامادەكراون.
كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنەكە بۆ ئەم مەبەستە لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە كاتی واشنتنی پایتەخت دەسـتیپـێكرد و پـێشبینی دەكرێت چەند كاژمێرێـك درێژەبكێشێت.
بەپـێی زانیاریـیەكانی نێو كۆنگرێس پـرۆژە بڕیاری یەكەم بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێرانە لە بەرامبەر بەرنامە موشەكیـیە بالیستیەكەی و سێ پـرۆژە بڕیارەكەی دیكە بۆ سەپاندنی سزایە بەسەر حزبوڵڵا و ئەوانەی پاڵپشتی دەكەن و لەگەڵیدا داوا لە یەكێتی ئەوروپا بكرێت حزبوڵڵا بخرێتە نێو لیستی ڕێكخراوە تێرۆرستیـیەكان.
پـێشبینی دەكرێت هەر چوار پـرۆژە بڕیارەكە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندبكرێت و پاشان پـرۆژەیەكی هاوشێوە بۆ ئەنجومەنی سینات بەرزدەكرێتەوە تاوەكو ئەوانیش دەنگی لەسەر بدەن.
دوای ئەوەی هەردوو ئەنجومەنەكە پـرۆژە بڕیارەكان پەسەند دەكەن، ڕەوانەی كۆشكی سپی دەكرێن تاوەكو لەوێش سەرۆك ترامپ واژویان بكات و ببنە بڕیار.