عەبادی: سنووری عێراق و توركیا كراوە دەبێت
سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی داوای لە ئەمریكا و ئێران كرد، ململانێكانی خۆیان نەهێننە عێراق و جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، كە دەیەوێت لە یەك كاتدا دۆستی هەردوو وڵات بێت.
عەبادی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی “Wall Street Journal”، گوتی: هەمووان دەزانن ئەمریكا لە شەڕی داعش هاوكاری كردین، پێشوازی لە پشتیوانیان دەكەین، لەگەڵیانین، بەڵام داوا دەكەین كێشەكانیان نەهێننە عێراق.
گوتیشی: سەپاندنی هەر شتێك بەسەرماندا پەسند نییە و بە هیچ جۆرێك قبوڵی ناكەین.
سەبارەت بە سنووری عێراق و توركیاش گوتی: پێویستە سنووری عێراق و توركیا كراوە بێت و نابێت هەرێمی كوردستان ئەو پەیوەندییە بپچڕێنێت.
سەبارەت بەو هێرشانەی لە عێراق دەكرێنە سەر هێزە ئەمریكییەكان، عەبادی گوتی: هەموو هێزە بیانییەكان بە بانگكردنی رەسمی عێراق هاتوون و بەغدا سازش لەگەڵ هیچ كەسێك ناكات كە دەستدرێژی بكاتە سەر ئەو هێزانە.
لە بارەی حەشدی شەعبیشەوە گوتی: هێزەكانی حەشدی شەعبی دەبێت لایەنگری و دڵسۆزیان بۆ عێراق بێت، نەك وڵاتێكی دیكە و لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان بن، نەك لایەنە سیاسییەكان و هێزە بیانییەكان، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بكەن، ئەوا بە دەرچوو لە یاسا هەژمار دەكرێن و نابێت لە دەرەوەی هێزە عێراقییەكان هیچ هێزێكی دیكە هەبێت.