ئەمریکا لە بەردەم دوو پیاو و یەک بژاردە
ئاسۆ حاجی
ئەمریکا درەنگیش بێ تێدەگا کە ئەو یاری لەگەڵ ئێران دەکا و دەمێکە ئێران یاریەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێناوە کاتێک دوو بژاردەی بۆ ئەمریکا هێشتۆتەوە تا یەکیان هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی عێڕاق بەڕێوە ببەن.
ئەمریکا لە ناکۆکیەکانی عەبادی و مالیکی بەهەڵە تێگەیشتووە و چەند هەوڵیش بدا ناتوانێ ئەو ناکۆکیە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە و ناتوانێ چاوەڕانی زیاتر بکات لە عەبادی کە لە مالیکی زیاتر بتوانێ بۆ ئەمریکا بکا یان بیدا.
ئەمریکا ئەزمونێکی لەو شێوەیە لەگەڵ شیعەکانی عێڕاق هەیە کاتێک هەوڵیدا مالیکی وەک هاوپەیمان و پیاوی دەوڵەت بناسێنێ بۆیەشە لەیەکەم کاری هاوبەشیاندا سوپای عێڕاق بە فەرمانی مالیکی هێرشیان کردە سەر میلیشیاکانی موقتەدا سەدڕ کە ئەمریکا ئەو کات بە بەکرێگیراوی ئێرانی دادەنان و دەرئەنجامەکەش وەدیار کەوت کە نە موقتەدا سەدڕ دۆڕا نە مالیکی و ئێران بەڵکو ئەوەی دۆڕا ئەمریکا بوو
ئێران مالیکی و یاریەکەشی بردەوە و ئەو کات ئەمەریکا تێگەیشت کە مالیکی ئەوانی هەڵخەڵەتاندووە و ئەمەریکا تەنها بۆ ئەوە بەکارهێنا تا پەیامەکەی بە بەهێزی و بە بڵندی بگاتە تەهڕان و پێیان بڵی ئەو دەتوانێ ئامانجەکانیان وەدیبێنێ و بەو شێوەیە مالیکی بووە بەهێزترین پیاوی عێراق و ناو ماڵی شیعە و گەورەترین خزمەتی بە ئێران کردووە هەر لە لەناوبردنی سەرکردەکانی سونە و خاپورکردنی شارەکانیان و ئاوارەکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیان،هەروەها بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە عیراقدا تا ئەو رادەیەی لە سەر جوگرافیای عێراقدا هیلالی شیعی تەواو بکات کە ئامانجی گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.
عەبادی بەهەمان ڕێچکە دادەڕوا و ئەوجارەیان خراپتریش بە پاڵپشتی ئەمریکا خەریکە هەنگاوەکانی کۆتایی رادەستکردنەوەی هەموو عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە ئێران،تەنها دوای کەمتر لە هەفتەیێک لە گووتاری تڕەمپ کە تێیدا بریاری دا سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە ناو لیستی تیرۆر و هێزەکانی حەشدی شەعبی شیعی خرانە ناو لیستی شەرمەزاری عەبادی بەو دوو هێزە هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان و شاری کەرکوکیان داگیرکردەوە کە نوێنەری سەرۆک تڕەمپ بۆ شەڕی داعش ماکگۆڕک بەشێک بوو لەو ڕێکەوتنەی لە نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ ئەوەی ناوچە دابڕێنراوەکانیان ڕادەست بکەنەوە.
عەبادی کە وەک پاڵەوان و سەرکەوتو لە شەڕ بە وڵاتانی ئیقلیمی دادەگەڕێ و ئەمریکا ڕێخۆشکەری بۆ کرد تا لە سعودیە لە بەرزترین ئاستدا پێشوازی بکرێت و مەلیک سەلمان دەست بخاتە ناو دەستی و ئیمزا لە سەر زۆر بواری هاوکاریکردن دا بکەن،بەڵام هیشتا عەبادی نەگەیشتبۆوە عێڕاق کە قسەکانی لەگەڵ قسەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لێک گیر بوون و عەبادی هۆشداری پێدا کە بۆی نیە دەست بخاتە ناو کاروباری عێڕاق و حەشدی شەعبیشی بە هێزی دەستوری و پارێزگارانی عێڕاق وەسفکرد،لە دوا وێستگەی گەشتەکەشیدا لە ئێران عەبادی بە ئاشکرا دەستپێشخەریەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سڕکردنی ڕیفراندۆم ڕەتکردەوە کە ئەمەریکا و فەڕەنسا پاڵپشتیان لێکرد و تورکیاش بە هەنگاوێکی ئەرێنی باسی کرد،بە نهێنیش ڕەزامەندی لەسەر داوای ئێران نیشانداوە کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش حکومەتی عێڕاق بە فەرمی داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا بکا لە عێڕاق و هێزەکانی تورکیاش ناچاری چوونە دەرەوە بکات.
ئەوەی ئەمریکا لە عەبادی دەوێ نە عەبادی و نە هیچ سەرکردەیەکی شیعە ناتوانن جێبەجێی بکەن چونکە ئەوان لە عێڕاق بڕیاردەرنین و تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی مەرجەعیەتی شیعەن کە خۆی لە شەخسی ئایەتوللا عەلی خامەنەئی دەبینێتەوە کە ڕابەرایەتی شۆڕشی ئیسلامی دەکا لە یەمەنەوە بگرە تا لوبنان،ئەمەریکا دەیەوێ عێراق لە ئێران دووربخاتەوە و عەبادیش خەریکە هەمووی پێشکەش دەکا،ئەمەریکا دەیوێ هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێتنێتەوە عەبادیش دەڵێ کەس بۆی نیە ئەو باسە بکات چونکە ئەوانە هێزی پیرۆزن و بە فتوای مەرجەعیەت دامەرزراون و هەڵوەشانەوەشیان پێویستی بە فتوایە چونکە نە پەڕلەمان و نە سەرۆک وەزیران و نە هیچ کەسێک جورئەتی ئەوە ناکەن باسێکی وا بوروژێنن.
بە کورتی و بە کوردی دەتوانین سەرکەوتنی ئێران لە ئیستاوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ببینین چونکە دەمێکە ئێران دەستی ئەمەریکای لەچاڵی ناوە و وەک مەلامەشهور دۆخینی خۆی کردۆتەوە لە ئەمریکا چونکە لە ئیستاوە دەزانێ چ مالیکی سەرکەوێ یان عەبادی ئەو براوەیە.
ئیستا ئیدارەی سەرۆک تڕەمپ لە بەردەم بەخۆداچونەوەیەکی بنەڕەتیدان لە تێڕوانینیان بۆ عێڕاق لە تێڕوانینێکی ئابووریانەوە بگۆڕن بۆ تێڕوانینێکی سیاسیانە و بە زووترین کات ئەو کەسانەی لە ئیدارەی ئۆباما هێشتا لە کاردا ماون بە تایبەتی ماکگۆڕک بگۆڕدرێ و ڕەنگە بیرێکی جدیش لە تیلەرسۆن بکرێتەوە کە ئەو داهێنەری تێڕامانی ئابوریانەیە بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسەکان بۆ کەسێکی دیکە کە بە ڕاستەقینە نوێنەرایەتی ئەمریکا و پارتی کۆماری بکات.