لە ئەمەریكاوە هۆشداریەك بۆ عێراق و سزایەكی نوێی بۆ ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (ریكس تیلەرسن) داوایەكی ئاراستەی سەركردە عێراقییەكان كرد كە رووبەڕووی كاریگەرییەكانی ئێران بووەستنەوە..نیگەرانی خۆیشی بەرانبەر بە پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان خستە ڕوو..لە هەمانكاتدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا سزایەكی دیكەی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند.

كەمێك پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جارێكی دیكە نیگەرانی خۆی لە پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و هیزەكانی عێراق دەربڕی، بەڵام ئەمجارە داوایەكی ئاراستەی سەركردەكانی عێراق كرد كە رووبەڕووی كاریگەرییەكانی ئێران لە عێراقدا ببنەوە.
لە هەمانكادا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا سزایەكی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، بەهۆی بوونی پرۆگرامی مووشەكی ئێران، ئەگەرچی جۆری سزاكە تا ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا رانەگەیاندراوە كە بە چ ئاراستەیەكە و سزاكە چۆنە، بەڵام بەكۆی گشتیی دەنگی ئەنجوومەنەی نوێران پڕۆژەیاسایی سزادانی ئێران بەهۆی مووشەكی بالیستی پەسەند كرا و دواتر رێكارەكانی بڵاو دەكرێتەوە.

بەگوێرەی پێگەی ئێست تێكساس رێڤیۆ، سكرتێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رۆژی یەكشەممە بۆ هەموو لایەكی دیاركرد كە هێزەكانی ئێران لە عێراقدان و دەبێ میلیشیای ئێران عێراق جێبهێڵن، ئەگەر بە بیانوی شەڕی داعش لە عێراقدان ئێستا داعش بەرەو كۆتایی چووە و دەبێ ئەوان بگەڕێنەوە ئێران.

شڕۆڤەكارانی سیاسی لە نێو ئەمەریكادا كۆكن لەسەر ئەوەی كە ئەمەریكا دەیەوێ بەهەر شێوازێك بێ، دەبێ میلیشیای ئێران لە عێراقدا نەمێنن، بۆیە دەرفەتێكی داوەتە سەرۆكوەزیرانی عێراق تا ئەو كارە بكات، لە ئێستایشدا دەبینرێ كە میلیشیاكان گوێ بەهیچ یاسایەك نادەن و بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی پیران و كۆنگرێسمان و داڕێژەرانی ستراتیژیەتیی ئەمەریكاییش بە پێویستی دەزانن كە ئەمەریكا خۆی چاوێكی زیاتر بخاتە سەر عێراق و نفوزی ئێران لە ناوچەكەدا بە زووی نەهێڵێ.

بەگوێرەی كەناڵی فۆكس نیوز و ناوەندەكانی دیكەی لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی و ئەمنی ئەمەریكا، دوو رێگە لەبەردەم سەرۆكی ئەمەریكادا هەیە:

یەكەمیان: شەڕی داتاشراوەكانی ئێران كە لە وڵاتانی رۆژهەڵای ناوین دروستی كردوون.
دووەم: شەڕی كۆریای باكوور.

خاڵی یەكەم بەگوێرەی زۆرینەی شڕۆڤەكارانی سەربازی و بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا ئامانجی ئێستای سەرۆكی ئەمەریكایە.
ئێستا رای گشتیی ئەمەریكا گەمارۆی تووندی خستووەتە سەر كۆشكی سپی كە بۆچی لە جوڵەی هێزەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا بێدەنگن، سەرۆكی ئەمەریكایش هەڵبژاردنی دیكەی لە پێشە و دەیەوێ كارێك بكات كە بۆ خولێكی دیكەیش زامنی دەنگەكانی ئەمەریكاییەكان بكات، بۆیە بەگوێرەی شارەزایانی ئەمەریكا چاوی (ترامپ) لەسەر ئێران دەبێ و نفوزی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا كەم دەكاتەوە.

داواكاری رای گشتیی ئەمەریكا لە ترامپ:

یەكەم: لاوازكردنی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا.
دووەم: پارێزگاریكردن لە دۆستەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

ئەم دوو خاڵە بەگوێرەی كەناڵی فۆكس نیوز رێك لە چوارچێوەی بەرنامەی سراتیژی نوێی سەرۆكی ئەمەریكادایە، ئەمە بەرنامەیەكی گشتگیرە و سنووری پێكانی بە عێراق و سووریادا تا دەگاتە لوبنان تێپەڕدەبێ، كەوایە (ترامپ) هیلالی شیعی كردووەتە ئامانج و زۆربەی ناوەندەكانی ئەمەریكایی دەڵێن، (ترامپ) لە ناوچەكەدا شكۆی ئەمەریكا دەگەڕێنێتەوە و جوڵەی ئێران سنووردار دەكات و پارێزگاری لەو دۆستانەی ئەمەریكادا دەكات كە لە ناوچەكەدا ئاساییشیان لەبەر ئێران بەرەو ناسەقامگیری چووە.

Back to top button