لە هەردوو ئەگەردا کورد براوە دەبێت
نیازحاجی
لەچەند رۆژی ئایندەدا کۆتایی بە داعش دێت لە عێراق و هیچ ناوچەیەکیان لەژێردەستدا نامێنێت، تەنها لە هەندێک ناوچەی سوریادا بونیان دەمێنێت ، ئەو ستراتیژەی ئۆباما دایرشتبوو بەر لە سێ ساڵ کۆتایی دێت لە عێراقدا کە بە ستراتیژی شەری داعش ناسرابوو،
لەو هاوپەیمانێتیەی کە بۆ شەری داعش پێکهێنرابوو ، پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوپەیمانی ئەمەریکا بوون، بۆیە ئەمەریکا نەیدەتوانی هیچ هەڵوێستێک بنوێنێت ئەگەر شەر لە نێوانیان روبدات ، تەواوی لێدوان و بەیاننامەکانیشیان لەوچوارچێوەیەدا بوو .
ئەوەی روشیدا لە ۱٠٠ رۆژی رابردوو بەهۆی بێهەڵوێستی ئەمەریکاوە نەبووە بەڵکو ناپاکی هێزێکی ناوخۆیی ئەو واقیعەی هێناوەتە ئاراوە .
بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم ، بیانوی ئەمەریکا ئەوەبوو بۆ پشتگیری نەکردنی، کە کاریگەری لەسەر شەری داعش دروست دەکات ، ئەوە شەری داعش بەرەو کۆتایی دەروات لەناو عێراقدا کەواتە ئەو بیانووە بەدەستی ئەمەریکاوە نامێنێت و بەدڵنیاییەوە هەڵوێستی دەگۆڕێت .
لەگەڵ کۆتایی شەری داعش ، ستراتیژی ئۆباما کۆتایی پێدێت و دەپێچرێتەوە ، ستراتیژی ترەمپ دەستبەکار دەبێت کە جەوهەری ستراتیژەکە دەرکردنی سوپای قودس و هێزەکانی سەر بە ئێرانە لە ناوچەکەدا و دواتر بە ئامانجکردنی خودی ئێرانە ، ناوبردنی ئەبوو مهدی مهندس بە تیرۆریست لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، هەنگاوی یەکەمی کرداریە بۆ دەستپێکی ستراتیژی نوێی ئەمەریکا .
ستراتیژی نوێی ئەمەریکا پێش کوتایی هێنانی داعش خەریکە پەیرەوی لێ دەکرێت ، بە جۆرێکی تر بڵێین ، دامودەزاگا دیبلۆماسی و سەربازی و هەوڵکری و دارایی و تەشریعیەکانی ئەمەریکا بەیەکەوە خەریکی هانگاونانن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ستراتیژە نوێیە .
بریارەکانی وەزارەتی خەزینەی ئەمەریکا لە دژی سوپای پاسداران و سەردانەکانی تیلرسۆن بۆ سعودیە و عێراق ، هەروەها دەرکردنی چەند بڕیار و سزایەک لە کۆنگریسی ئەمەریکا لە دژی ئێران دەسپێکی ئەو هەنگاوانەن .
تیلرسۆن گوشارو جموجۆڵە دیبلۆماسیەکانی خۆی دەست پێکردوە ، ئەنجومەنی ئاسایشیش کە لەم خولەیدا فەرەنسا سەرۆکایەتی دەکات ، خەریکی دەرکردنی هەندێک بڕیارن .
ئەو پرسیارانەی خوارەوە پرسیاری جەوهەرین ، ئایندە وەڵامیان دەداتەوە …
1. عەبادی چ هەڵوێستێکی دەبێت سەبارەت بە ستراتیژی تڕەمپ و بە چ لایەکدا خۆی یەکلایی دەکاتەوە ؟
2. ئایا عەبادی دەتوانێت روبەروی سوپای قودس و حەشدی شەعبی بوەستێتەوە ؟
33. ئایا عەبادی دەتوانێت بێ پشتگیری ئەمەریکا و سعودیە ژێرخانی ناوچەکانی سوننە بنیاد بنێتەوە لە کاتێکدا لە خراپرین دۆخی دارایی دایە ؟
44. چەک و تفاقی ئەمەریکی کە بەعەبادی دراوە بۆ شەری داعش ، ئێستا لەدەستی میلیشیاکان و سوپای قودس دایە ، ئەگەر ئەو چەک و تفاقانە وەرنەگرێتەوە ئەوا هەموو یارمەتیەکی دارایی و سەربازی ئەمەریکای لەسەر دەبڕدرێت ، ئایا دەتوانێت لەو شەرەدا بەردەوام بێت ؟
55. هەرچەند باوەرم نیە کە هەڵبژاردن بکرێت ، بەڵام ئەگەر کرا ، ئایا عەبادی دەتوانێت بەبێ پشتگیری کورد و سوننەکان لە پۆستەکەی ئێستایدا بمێنێتەوە لە کاتێکدا شەقامی شیعە لەلایەن لیستەکانی مالیکی و حەشدی شەعبیەوە پاوان کراوە ؟
عەبادی ئێستا زۆرترین گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەرە، گۆشارەکان جۆراوجۆرو لەلایەن چەندین ئاراستەی دژ بەیەک ئەنجام دەدرێن و قابیلی سازشکردن نین چونکە هەر وڵاتێک ستراتیژی خۆی لەسەر بنیاد ناوە .
عەبادی ناتوانێت خۆی لە ژێر هەژمونی ئێران دەربازبکات چونکە زۆربەی جومگە هەستیارەکانی حکومەتەکەی لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە ، سوپا و پەرلەمان و دادگای فیدراڵی و نەزاهە و کۆمسیۆنیش بەهەمان شێوەیە.
ئەمەریکا هەموو ئومێدەکانی لەسەر حەیدەر عەبادی هەڵنەچنیوە ، لەئەگەری بەلاداکەوتنی بەلای ئێرانەوە ئەمەریکا بەجۆرێکی تر ستراتیژەکەی جێبەجێ دەکات .
ئەگەر حەیدەر عەبادی یاریکەری سەرەکی بوو بێ لە ستراتیژی ئۆباما لەشەری داعش ، لە ستراتیژی تڕەمپدا ئەو رۆڵەی کۆتایی پێ دێ و یاریکەری تر جێگای دەگرنەوە .
لەهەردوو ئەگەردا کورد براوە دەبێ .