سعودیە پێشوازی لە بڕیارەكەی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێخەری دەست پێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێ و بەغدای ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق كرد, سعودیە پێشوازی لە بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكات و داوای دەستپێكردنی دانوستاندن لەسەر بنەمای دەستوور دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لە بڕیاری حكومەتی كوردستانی عێراق دەكات بۆ رازیبوون بە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەختیكردووەتەوە لەسەر پشتیوانی ریاز “بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور”.

رۆژی سێشەممە 24-10-2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی سێ خاڵی بڵاوكردەوە و پێشنیازی بۆ بەغدا كرد كە “دەستبەجێی تەقەكردن و هەموو جۆرە كردارێكی سەربازی لە هەرێمی كوردستان رابگیرێ”. هاوكات پێشنیازی سڕكردنی ئاكامی گشتپرسیی و دەستپێكردنی دیالۆگی كراوەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، كرد.

دواتر هەریەك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا و وڵاتانی دیكە پێشوازییان لە پێشنیازەكانی كوردستان كرد و داوایانكرد گفتوگۆی نێوان كوردستان و حكومەتی عێراق دەستپێبكات.

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، بەغدا تەنیا بە سڕكردنی ئەنجامی گشتپرسی رازینابێ، بەڵكو پێویستە ئەنجامی گشتپرسییەكە هەڵبوەشێندرێتەوە.

لە راگەیێندراوە فەرمییەكانیاندا ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمریكا، فەرەنسا و چەند وڵاتێكی دیكە داوای دانانی وادەیەك بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان دەكەن.

رۆژی دووشەممەی رابردوو رێكس تیلەرسن سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران عەبادی كۆبووەوە. دواتریش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، كە وەك خۆی گوتی “پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیان دوورودرێژ بووە”.

Back to top button