حەشدی شەعبی: تەنانەت عەبادی داوای كشانەوەمان لێبكات لە ناوچە كوردستانیەكان ناكشێینەوە
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەكی باشوری كوردستانداگرت, ئێستا بۆ چارەسەری ئاشتیانەو كۆتاپێهێنانی شەڕ فەرماندە سەربازیەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی دەستیان بە دانوستانكردووە, بەڵام بەرپرسێكی میلیشیای حەشدی شیعی رەتی دەكاتەوە دانوستاندنەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ كشانەوەی هێزەكانی حەشد بن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
حەسەن ساری بەرپرسێكی میلیشیاكانی حەشد ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند كە پێشوازی لە ڕێكەوتن و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان دەكەن، بەڵام هێزەكانی حەشد و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانیەكان ناكشێنەوە.
ساری دووپاتی كردەوە بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە دانوستاندنەكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی حەشد بێت لە ناوچە كوردستانیەكان، تەنانەت ئەگەر حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتیی هێزەكانیش لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە.
رۆژی 16ی ئەم مانگە بەهۆی خیانەتی چەند بەرپرسێكی یەكێتی، شاری كەركووك و چەندین ناوچەی كوردستانی رادەستی میلیشیاكانی حەشد و سوپای پاسداران كرا.