سوپاسالاری عێراق: بۆ رێككەوتنی كۆتایی چاوەڕێی وەڵامی هەرێمی كوردستانین
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای پێشمەرگەو هێزە عێراقیەكان كۆبوونەوە, سوپاسالاری عێراق رایدەگەیێنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ شاندی پێشمەرگە لەسەر هەندێك لە خاڵەكان گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش، بەڵام بۆ رێككەوتنی كۆتایی چاوەڕێی وەڵامی هەرێمی كوردستانن.
ئەمڕۆ لە موسڵ كۆبوونەوەیەك لەنێوان شاندی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بەڕێوەچوو، لەبارەی داواكاری عێراق بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی عێراقی لەناوچە كێشەلەسەرەكان و گرتنەدەستی خاڵە سنورییەكان.
دوای كۆبوونەوەكە، فەریق روكن عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق رایگەیاند “لەسەر هەندێك لە خاڵەكان گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش. بۆ خاڵەكانی دیكەش، شاندی بەرامبەر دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەوە بدەن و دواتر بە تەلەفۆن وەڵاممان دەدەنەوە”.
فەریق روكن عوسمان غانمی ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەكەدا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی. “لەسەر لایەنی بەرامبەر وەستاوین، ئەوان دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان دواتر وەڵامی كۆتاییمان دەدەنەوە”. دەشڵێت ماوەی 24 كاژێر ئاگربەست هەبوو، ئەگەر نەگەیشتنە رێككەوتن لە كاژێرەكانی داهاتوودا بۆچوونی دیكەیان دەبێت.
كۆبوونەوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە موسڵ دەستیپێكرد و چەند كاژێرێكی خایاند. شاندی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت لە جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی یەكەی 70 و عەزیز وەیسی، فەرماندەی زێرەڤانی، سیروان بارزانی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی میحوەری مەخموور و جەمال ئیمینكی، سوپاسالاری پێشمەرگە پێكهاتبوو.