مایك پێنس جێگری ترەمپ: هاوپەیمانەكانمان دەپارێزین
جێگری سەرۆكی ئەمریكا رەوشی جیهان بە زۆر مەترسیدار ناودەبات و دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ باوەڕی بە هێزی سەربازییە بۆ هەبوونی رۆڵی یەكلاییكەرەوە و چارەسەركردنی كێشەكان.
قەیرانەكان لە جیهاندا روویان لەزیادبوونە و ئەمریكاش بەوردی چاودێری رەوشی شوێنە جیاوازەكان دەكات. ئەوەی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە، رەوشی عێراق لە گۆڕانكارییەكی خێرادایە، شەڕی سووریا لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە و پێگەی ئێران لە بەهێزبووندایە.
هەربۆیە جێگری سەرۆكی ئەمریكا جیهان بە زۆر مەترسیدار ناودەبات و دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ باوەڕی بە چەمكی بەهێزی بواری سەربازییە بۆ هەبوونی رۆڵی یەكلاییكەرەوە و چارەسەركردنی كێشەكان.
مایك پێنس دەڵێت: “لەوكاتەی ئێمە قسە دەكەین، پێدەچێت جیهان شوێنێكی مەترسیدارتر بێت لە هەر كاتێكی دیكە لەدوای كەوتنی كۆمۆنیزمەوە، واتە زیاتر لە چارەكە سەدەیەك پێش ئێستا. هەربۆیە لە 9 مانگی یەكەمی ئەم ئیدارەیەدا، سەرۆك ترەمپ كاری گرنگی كردووە بۆئەوەی بەهێزترین سوپا لە جیهاندا بە بەهێزی بمێنێتەوە”.
ئەمریكا زیاتر لە 800 بنكەی سەربازیی لە زیاتر لە 70 وڵاتی جیهاندا هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە رووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا پێكەوە نزیكەی 30 بنكەی سەربازییان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
ئەم بنكە سەربازییانە بۆ هێزی دیبلۆماسیی ئەمریكا یارمەتیدەرن و مایك پێنسیش دەڵێت، واشنتن لەسەر پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانەكانی بەردەوامدەبێت.
مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: “ئەم قەڵایەی ئازادی رێگا لە دووژمنەكانمان دەگرێت و هاوپەیمانەكانمان دەپارێزێت، هەروەها دڵنیایان دەكاتەوە و هەموو رۆژێكیش بۆ جیهانی دەسەلمێنێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ویست و هێزی هەیە بۆ لەنێوبردنی هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی بۆ سەر خەڵك و نیشتمانەكەمان”.
ئەم گوتەیەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەكاتێكدایە رووسیا بە پێگەیەكی بەهێزەوە هاتووەتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران لە سەر یارمەتیدانی هێز و میلیشیاكان لە چەندین وڵاتی ناوچەكەدا بەردەوامە و ئەمانەش لەسەر حیسابی هێزی ئەمریكان.
هەربۆیە چەندین كۆنگرێسمانی ئەمریكا داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكەن بە پشتبەستن بە ستراتیژیەتێكی نوێ رووبەڕووی ئەم باڵادەستییەی رووسیا و ئێران ببێتەوە و هاوپەیمانەكانیشی بپارێزێت.