ئەمشەو لە كەركووك میلیشیاكانی حەشد دەیان گەنجی كوردیان دەستگیركرد
دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر لە رێگای خیانەتی گرووپێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان, میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران كەركوكیان داگیركرد, ئەمشەو چەكدارانی سەر بە میلیشیاكانی حەشد و جەیش لە گەڕەكی ئازادی شاری كەركووك هەڵیانكوتایە سەر گازینۆیەك و هەموو ئەو گەنجانەیان دەستگیركرد، كە لە گازینۆكە بوون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
كەمێك پێش ئێستا پەیجەكانی سەر بە حەشد و جەیش وێنەی هەڵكوتانە سەر گازینۆیەكی گەڕەكی ئازادیان بڵاوكردەوە، رایانگەیاند، سەرجەم گەنجە كوردەكانیان دەستگیر كردووە چونكە ئەو گەنجانە سەربەخۆیخوازن و مەیلی جیابوونەوەیان لە عێراق هەیە، هەوڵیان داوە لە دژی هێزە عێراقییەكان بەرنامەڕێژی بكەن.
بە گوێرەی زانیاری پەیجی (خلیە الخبراو التكتیكیە)، چەكداران فەوجی كوتی دەزگای دژە تیرۆری عێراق كردەوەكەیان ئەنجامداوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، لە سەرجەم كردەوە چەكدارییەكانی دژ بە كورددا لە كەركووك چەكدارانی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە میلیشیایەكی تائیفییە و لەسەر بنەمای فەتوای مەرجەعەكانی شیعە و بە سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراوە بەشدار دەبن.
لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە، دوای داگیركردنی شاری كەركووك لە لایەن میلیشیاكانی حەشد و جەیشی عێراقەوە بە چاوساغی هێزەكانی دژە تیرۆری سەر بە لاهور تاڵەبانی و لەسەر بنەمای رێككەوتنی فرۆشتنی كەركووك كە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد ئەنجامیداوە، دەیان گەنجی كورد بێسەروشوێن كراوون و شاری كەركووك خراوەتە ژێر باری حوكمی عورفییەوە و تانك و تۆپ و زرێپۆشەكانی حەشد لە شەقام و شوێنە گشتییەكانی كەركووك بڵاوەیان پێكراوە.