حەشدی شەعبی: لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پاڤێل و لاهور باسی پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركووك بە كورد نەهاتووە

 

دوای ئەوەی بەهۆی رێككەوتنێكی ژێربەژێری باڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە چاودێری ئێران پارێزگای كەركووك، رادەستی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق كرا، ئەو بەرپرسانەی بەشداریی ئەو رێككەوتنە نهێنییەیان كرد، چاوەڕوان بوون، لە بری رادەستكردنی شارەكە بە حكومەتی عێراق، پاداشتیان بدرێتەوە، بەڵام تا ئیستا هیچ ئاماژەیەك نییە كە ئەو گرووپە بە خەونەكانیان بگەیەنێت.

ئەو كەسەشی كە لەلایەن ئەو گرووپەوە وەك كاندیدی پارێزگاری كەركووك ناسێنرا، تا ئێستا ئەو پۆستەی نەدراوەتێ و ئەو رێككەوتنە ناڕوونەی كردوویانە جێبەجێ نەكراوە.

رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە وەك جێگرەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك ناسێنرا، هێشتا نەیتوانیوە ئەو پۆستە وەربگرێت و لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی “ژیان” كە نزیكە لە لاهوور شێخ جەنگی، یەكێك لە ئەندامانی ئەو گرووپەی رێككەوتنە نهێنییەكەیان ئەنجامدا دەڵێت: “كێشەكە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگایە و ژمارەی یاسایی پێویستی بە 21 كەسە، بەڵام بەهۆی هەندێك كێشەوە ئەو رێژەیە كۆناكرێتەوە، هەندێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی كەركووك كە ژمارەیا‌ن لەنێوان 15 بۆ 16 كەس دەبێت چوونەتە هەولێر. توركمانەكانیش لای خۆیانەوە زیاتر لە 3 كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەیە”.

رزگار عەلی دەڵێت: “بەڵێ من كاندیدی ئەو پۆستەم، بەڵام كێشە هەیە و یەكێتی لە بەغداو ئێمەش لە كەركووك سەرقاڵی چارەسەركردنیانین و تا چارەسەر نەبێت دەست بە كار نابم”.

بەڵام رەوشی كەركووك جیاوازە لەوەی سەرەتا باڵی رێككەوتنە ژێربەژێرەكە باسیان دەكرد، بە گوێرەی زانیارییەكانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، ئەو كەسانە گەیشتوونەتە دۆخێك، ناتوانن تەنانەت لە كەركووك كۆبوونەوەكانیشیان بكەن و دەچنە قەرەهەنجیر كۆدەبنەوە”.

هەروەها بارودۆخی پارێزگاكە بەشێوەیەك گۆڕاوە، هیچ دەسەڵاتێك لە دەست ئەو گرووپەدا نەماوەو ئێستا رۆژانە حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق، خەریكی رەشبگیرین و چەندین گەنج و لاوی شارەكەیان دەستگیركردووەو پێشێلكاری و سووتاندن و تاڵانكردنی ماڵی كوردەكانی خورماتووش بەردەوامە”.

كار گەیشتووەتە ئاستێك، یەكێتی لە كەركووك ناتوانێت ئاڵای خۆی و ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگا یان ناو بارەگاكانیشیدا دابنێت و بە تەواوەتی پەراوێزخراون، بۆیە بەگوێرەیئەو رەوشە بێت، چاوەڕوانی ئەو گرووپە بۆ چنینەوەی دەستكەوتەكانی پاش رێككەوتنەكە وەك خەونێك دەمێنێتەوە.

جیا لەوەش لەسەرەتای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، میدیاكانی ئەو باڵە و میدیاكانی نزیك لە یەكێتی و گۆڕانیش، بە شان و باڵی پێدانی مووچەیاندا هەڵدەگووت كە بڕیارە لەلایەن بەغداوە بە سلێمانی بدرێت، بەڵام بەغدا هیچ وەڵامێكی نەداونەتەوەو پێدەچێت لەو رووەشەوە دەستیان لە بنی هەمبانەكەوە دەرچێت.

هێشتا ئەوانەی رێككەوتنە ژێربەژێرەكەیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئەنجامداوە، ناوەڕۆكەكەیان بۆ خەڵكی ئاشكرا نەكردووە و لەماوەی رابردووشدا تەنها قسەكانیان بۆ بەخشینەوەی تۆمەت بەرامبەر بە نەیارەكانیان تەرخان كردووە، بەڵام لەسەر زەوی نەیانتوانیوە بەرهەمی رێككەوتنەكەیان بچننەوەو تەنانەت بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی بڵاوكراونەتەوە، ئەو باڵە نەیانتوانیوە لە رێككەوتنەكەیاندا وێنەی پێشمەرگە شەهیدەكانی كوردستان، كە لە پێناو پاراستنی ئەو پارێزگایە گیانی خۆیان بەختكرد بپارێزن و لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە لێكرانەوەو سوكایەتیان پێكراوە.

بەرپرسێكی حەشدی شەعبی, كە سەر بە هێزەكانی عەسائیبی ئەهلی هەقه دەلێت:” راستە ئێمە بە رێككەوتن هاتوینەتە كەركووك, بەڵام رێككەوتنەكەمان پەیوەندی بە بواری سەربازیەوە بوو, لە نێو رێككەوتنەكەمان پێدانی پارێزگاری كەركووك بە كەسێكی كورد نەهاتووە.

Back to top button