مالیكی هێرش دەكاتە سەر ئەمریكا دەڵێت قبوڵ ناكەین دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتمان وەربدەن
دوای ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەفتەی رابردوو رایگەیاند ئەبو مەهدی موهەندیش تیرۆریستە لە لیستی داواكراوانی وڵاتەكەی دایە, جێگری سەرۆك كۆماری عێراق هێرش دەكاتە سەر ئەمریكا و ناساندنی (ئەبو مەهدی موهەندس) بە تیرۆریست، بە بێ بەها وەسف دەكات.
نووری مالیكی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای دەسەڵاتدار، لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەكەی بلاویكردووەتەوە، هێرش دەكاتە سەر ئەمریكا و لەبەرامبەر ناساندنی (ئەبو مەهدی موهەندس) بە تیرۆریست، ڕای دەگەیەنێت: “سەیرمان لێدێت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لێدوانی لەو شێوەیە بەرامبەر ئەبو مەهدی موهەندس دەدات و بە تیرۆریست تۆمەتباری دەكات”.
جەخت دەكاتەوە، ئەو جۆرە لێدوانانە، دەبێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا: “چونكە دەستێوەردانێكی ڕاستەوخۆی ئەمریكایە لەكاروباری عێراق”.
نووری مالیكی، لە بەیاننامەكەیدا، دەڵێت: “ئەو تۆمەتانەی گۆتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ برای خەباتگێڕمان (ئەبو مەهدی موهەندس) هیچ بەهایەكی نییە”.
بەتوندیش ئەو لێدوانە ڕەت دەكاتەوە، هەروەك دەستخۆش لە موهەندس دەكات، كە ئەمریكا لە ساڵی 2009ەوە خستوویەتییە لیستی تیرۆرەوە. مالیكی داواش دەكات: “كەس گوێ بۆ ئەو تۆمەتانە نەگرێت”.
ئەبو مەهدی موهەندس، بەتۆمەتی تەقاندنەوەی هەردوو باڵیۆزخانەی فەڕەنسا و ئەمریكا لە كوەیت كە لە ساڵی 1983 ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا 6 كەس كوژران و 80ی دیكەش بریندار بوون، لە ساڵی 2009ەوە ناوی خراوەتە لیستی تیرۆری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكییەوە، هەروەك لە ساڵی 1984یشەوە دادگاكانی كوەیت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركردووە.