سەرۆكایەتی فەرەنسا بەیاننامەی نووسینگەی عەبادی بە درۆ دەخاتەوە
سەرۆكایەتی فەرەنسا بەیاننامەیەكی جیاوازی لە بەیاننامەكەی نووسینگەی حەیدەر عەبادی لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی عەبادی و ئیمانوێڵ ماكرۆن سەركۆماری فەرەنسا بڵاوكردەوە، بەمەش بەیاننامەكەی نووسینگەی عەبادی بە درۆ دەخاتەوە.
لە بەیاننامەی ئەمڕۆ یەكشەممەی سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسادا هاتووە كە ماكرۆن داوای لە عەبادی كردووە وتوێژ لەگەڵ كورد ئەنجام بدات.
بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆشكی ئێلیزێی فەرەنسا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان ماكرۆن و عەبادییدا، سەرۆكی فەرەنسا داوای لە عەبادی كردووە خۆی لە شەڕ دووربخاتەوە لە ناوەوەی عێراقدا و لە چوارچێوەی دەستووردا رەفتار بكات.
ماكرۆن داواشی لە عەبادی كردووە وتوێژ لە نێوان بەغدا و هەولێر بكرێت، مافی كورد و كەمینە نەتەوەكانی عێراق بپارێزرێت. پێشوازیشی لە پێكهێنانی لیژنە هاوبەشەكە كردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری لەگەڵ كورد.
بەپێی بەیاننامەكە، عەبادییش لای خۆیەوە دووپاتی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرییەكی هاوبەش لەگەڵ كورد كردووەتەوە.
جێی باسە نووسینگەی عەبادی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی هیچ یەك لەم ڕاستییانەی سەرەوە نەكردبوو، تەنها باسی ئەوەی كردبوو كە هەردوولا جەختیان لەسەر یەكپارچەیی عێراق و بڵاوكردنەوەی هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە.