سه‌نته‌ری میترۆ دژی شه‌هیدكردنی ئه‌ركان شه‌ریف به‌ توندی ئیدانه‌ و سه‌ركۆنه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، کە تیرۆرکردنی کامێرامانی کەناڵی (کوردستان تیڤی) زنجیرەکەی دیکەی تاوانەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە لە کەرکووک.

دەقی راگەیەندراوەکەدا:

تازەترین تاوانی ژێر دەسەڵاتی عەسکەری، رۆژنامەنوسێک بوو

٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧:

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت:

تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس ئەرکان شەریف زنجیرەیەکە لە تاوانەکانی دەسەڵاتی عەسکەری و میلیشیایی کە لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک ئەنجام ئەدرێت و حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە چەند چەکدارێکی نەناسراو لە گەڕەکی خۆرسی قەزای داقوق چەند چەکدارێک چونەتە سەر ماڵی ئەرکان شەریف کامێرامانی کەناڵی کوردستان تیڤی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و تیرۆریان کردوە.

کاروان ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی کوردستان TV بە میترۆی راگەیاند زانیارییە سەرەتاییەکانی لای ئێمە ئەوەیە کە چەند کەسێکی دەمامکدار چونەتە سەر ماڵی وێنەگرەکەمان و تیرۆریان کردوە وتی” ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی وردەکاری ئەو تاوانەین کە بەرامبەر کارمەندەکەمان کراوە و پاشان زانیاری دروست بۆ رای گشتی رادەگەیەنین”

بە پێی وتەی چەند شایەتحاڵێک ” ئەرکان بە حەربەی عەسکەری کوژراوە”

پاش رووداوەکە پۆلیسی نەھێشتنی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخات کە بە چەقۆ کوژرابێت.

ھەڵۆ جەباری، کەسی نزیک لە خێزانی قوربانیەکە و رۆژنامەنووسی کەناڵی کوردستان تیڤی لە کەرکوک بە میترۆی راگەیاند شەوی رابردوو ھەشت چەکدار کە خۆیان بە حەشدی شەعبی ناساندووە، چونەتە سەر ماڵی ئەرکان و لە ھاوسەرو مناڵەکانی جیانکردۆتەوە و لە ژورێکی ماڵەکەی خۆیدا بە چەقۆ کوژراوە وتی” ئێستا لە پزیشکی دادوەریە و زیاتر لە ٤٠ شوێنی چەقۆ لەسەر جەستەی دیارە”

ئەرکان شەریف تەمەنی ٥٤ ساڵە و خێزاندارە و سێ منداڵی ھەیە و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە وەک کامێرامانی کەناڵی کوردستان تیڤی زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک کاری کردووە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس ئەرکان شەریف زنجیرەیەکە لە تاوانەکانی دەسەڵاتی عەسکەری و میلیشیایی کە لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک بەرامبەر خەڵکی مەدەنی ئەنجام ئەدرێت و حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەپۆشن.

میترۆ وێڕای سەرەخۆشی لە خێزان و ھاوکارانی لە کوردستان تیڤی ئەم تاوانە شەرمەزار دەکات و داوا لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکات تیمەکانیان بنێرنە ناوچەکانی کەرکوک تا بە چاوی خۆیان قەبارەی ئەو تاوانانە ببینن کە میلیشیاو سوپای عێراق بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن.

Back to top button