بەریتانیا ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی دەكات
دوای ئەوەی دوێنێ لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان, نامەیەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە كە سەرەڕای درێژبوونەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم, بەڵام ئامادەنەبوو وادەی سەرۆكایەتی بۆ درێژبكرێتەوە, بۆ ئەم مەبەستە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا ستایشی رۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی كرد و داوای كرد، هەرێم و بەغدا دەست بە دانووستان بكەن بۆ چارەسەری كێشە لە مێژینەییەكانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستووردا.
لە بەیاننامەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، رۆژی یەكشەممە وەزیری دەرەوە قسەی لە گەڵ هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عیراق حیدر عبادی كردووە. ئەو هانی هەردوولای دا كەوا بەدووای چارەسەرێكی خێرا و ئاشتیانەدا بگەڕێن لە چوارچێوەی دەستوور بۆ ئەو تەنگەژەیەی نێوان كورد و عێراق وە بەریتانیا پاڵپشتی خۆی بۆ كورد چەند بارە دەكاتەوە لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو.
لەو میانەیەدا وەزیری دەرەوە بۆریس جۆنسۆن وتی: بەریتانیا پێشوازی لە ئامادەیی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەنجامدانی دایەلۆگ لە سەر بنچینەی دەستووری عێراقی. بەریتانیا هانی هەردوو لا دەدات بۆ رێككەوتن لەسەر خشتەیەك بۆ گفتوگۆكان.
هەروەها وتی: بەریتانیا پابەندە بە سەروەری، یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی عێراق و بەردەوام دەبێت لە هاوكاری كردنی هەموو گەلانی عێراق، لەنێویان كوردانی عێراق، لە نێو عێراقێكی یەكگرتوو.
روونیشیكردەوە، ئەمە جێگای گرنگە كەوا هەموو لایەنەكان بەردەوام بن لە فۆكەس خستنە سەر شەڕكردن دژی داعش، رێگریان لێبكەن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان و بەیەكەوە كار بكەن بۆ بنیاتنانەوەی شار و شارۆچكە ئازادكراوەكان.
سەبارەت بە بەردەوام نەبوونی سەرۆك بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە، ئێمە پێشوازی لەو دەرفەتەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە دەبێتە رێگە خۆشكەرێك بۆ گواستنەوەی بۆ نەوەیەكی نوێی كوردەكان. ئەوان پێویستە كە دامودەزگایەكی دیموكراتی بەهێز دابمەزرێنن و چارەسەری ناكۆكیە لە مێژیینەیەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بكەن لە چوارچێوەی دەستووری عێراق. ئەوان پاڵپشتیەكی تەواوی بەریتانیایان دەبێت.
ئەوەشی وتووە، كە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارێكی بەهێزی بەریتانیا بوون لەم چەند ساڵەی دوواییدا هەروەك بەیەكەوە شەڕی نەهامەتیەكانی داعشمان كرد لە ناوچەكەدا.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاندووە، من دەمەوێت ستایشی خۆم بگەیەنم بە سەرۆكی پێشوو، سەركردایەتی بارزانی لەو شەڕەدا، بۆ خزمەتی چەندین ساڵەی بۆ خەڵكی كوردستانی عێراق و وە ڕۆڵ بینینی لە دامەزراندنی عێراقی نوێ.