رۆسنەفت وەڵامی عێراق دەداتەوە, دەلێت رێككەوتنمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە, تێناگەین چیترتان بۆ روونكەینەوە

كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەربارەی گرێبەستەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دایەوە و رایگەیاند “تێناگەین دەبێت چ شتێكی دیكە روونبكەینەوە”.

گوتەبێژی كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسیا رایگەیاند، هەروەك چۆن ئیگۆر سێچین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رۆسنەفت گوتی “ئێمە كاردەكەین و بژاردەكانیش بۆ هاوئاهەنگی لە بواری نەوت و بابەتە پەیوەندیدارەكان بە كوردستانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەكەین، بەڵام پێویست بەوە ناكات وەڵامی كەسیش بدەینەوە”.

میخائیل لیۆنتیڤ ئاماژە بەوەشدەكات، حكومەتی عێراق داواكارییەكی بۆ بەرپرسانی كۆمپانیاكە ناردووە، بەڵام “تێناگەین دەبێت چ شتێكی دیكە روونبكەینەوە. ئەوەی پێویست بووبێت تاوەكو ئێستا روونمانكردووەتەوە”.

كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی چەند گرێبەستێكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆكردوون، نوێترینیان گرێبەستەكەی رۆژی 18-10-2017 بوو لەبواری گەڕان و دەرهێنانی نەوت بۆ ماوەی چووار ساڵ. پێشتریش رێككەوتن لە بواری گازی سرووشتی واژۆكرابوو، كە بڕیارە

ئەو لێدوانەی لیۆنتیڤ دوای ئەوە هات عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە میدیای رووسیای راگەیاندبوو، وەزارەتەكەی داوای لە كۆمپانیای رۆسنەفت كردووە هەڵوێستی خۆی دەربارەی گرێبەستەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان روونبكاتەوە.

رۆژی 23-10-2017 ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا باسی گرێبەستە نەوتییەكانی كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد.

پێشتر وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، كۆمپانیای رۆسنەفت دڵنایی داوەتە وەزارەتی نەوت كە ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجامیداون، گرێبەستی سەرەتایین و ئامادەنین جێبەجێیان بكەن.

هەروەها پێشتر، ئیگۆر ئیڤانۆڤیچ سێچین، سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری رۆسنەفت رایگەیاندبوو: “داهاتووێكی گەش لەگەڵ كوردستان دەبینین و هیچ لایەنێكیش نابێتە كۆسپ بۆ كارەكانمان لە كوردستان، ئامادەكاری بۆ ئەوە دەكەین بەشێوەیەكی كرداری كارەكانمان دەستپێبكەین و پرۆژەكانمان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كارەكانمان بەباشی بەڕێوەدەچن و هەموو شتێك بەپێی پلان و خشتەی دیاریكراو دەڕوات”.

دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25-9-2017 داو سەركەوتنی دەنگی بەڵێ بە رێژەی 92% بۆ جیابوونەوە لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەكەی رێز لە خواستی نەتەوەی كورد دەگرێت، بەڵام پێشیوایە پێویستە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، نەك تاكلایەنە سەربەخۆیی رابگەیێندرێت.

 

Back to top button