دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە, بۆ وتەبێژەکەی (خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر)

پاش ئەوەی سەرۆک بارزانی لە وتارەکەی شەوی ٢٩ـدا، باسی رووداوەکانی کەرکووکی کرد و گوتی “خیانەتێکی گەورە لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر کراو لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان درا”.
وەستا ڕەسوڵی فەرماندەی میحوەری چواری کەرکووک، کە لە دوای ڕادەستکردنی بێتەقەی میحوەرەکەی و خیانەتە گەورەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بە (وەستا تەکتیک) ناوی دەرکردووە، دەست بەجێ ڕاسپێردرا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بۆ تیڤی حزبەکەی وەڵامی وتەکانی بارزانی بداتەوە. ئاخر جەنابی فەرماندەی هەڵاتوو، ئێوە لە باتی داوای لێبوردن لە گەل و هاوسەنگەر و خانەوادەی شەهیدانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەن، وادەزانن زاکیرەی خەڵک جام بووە؟! دێن پاساوی چەواشەکاری بۆ خیانەت دێننەوە و کۆڵێ درۆی شاخداری دیکە بەبا دەکەن، ئێوە هەست دەکەن بەم قسە نابەجێیانەتان هەموو جارێک برینی دڵی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکولێننەوە ..
ئەوی سەیر و جێی سەرنجە، هەر کەسێک باسی خیانەتی گرووپەکەی ناو یەکێتی بکات، ئەم بەڕێزە لە خۆی بە شکە و یەکسەر خۆی لە خیانەتەکە بە ساحێب دەکات.! بۆیە زوو زوو وەک وەکیلی گرووپە کاڵفامەکە لە کۆنگرەی تەلەفزیۆنی خۆی نمایش دەکات!
لەم هەموو شەکرانەی وەستای ئینسیحاب! دەیشکێنێ، ڕێک ئەم پەندە کوردییەی بە سەردا ساغ دەبێتەوە کە دەڵێ: “دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە” ئاخر واستا! بەم وەڵامە لاواز و پاساوە بێ بنەمایانەت، ڕووی ڕەشی خیانەتکاری داناپۆشرێت، خیانەتەکە زۆر گەورە و بێشەرمانەبوو . سەرۆک بارزانی یەکەم کەس نەبووە باسی بکات، پێشتر بەڕێزان کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سکرتێر و مەلابەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و د.نەجمەدین کەریم پاریزگاری کەرکوک، دەستی ئەنجامدەرە کاڵفامەکانی ناو یەکێتیان بە ڕوون و ڕەوانی بۆ خەڵکی کوردستان کەشف کرد و ئەنجامدەرانیان ڕیسوا کرد..!
جەنابی فەرماندەی میحوەری چواری ڕادەستکراو! خۆتان بەشێک بوون لە وەشاندنی خەنجەری خیانەت، لە پشتی هەڤاڵەکانتان، جێبەجێکارێکی دڵسۆز و ئەمەکداری نەخشە و پیلانی کاڵفام و هەرزە سیاسییەکانی ناو حزبەکەتان و حەشد و پاسداری ئیرانی بوون، بە سادەترین دەلیلی ئەوەی کە پێشوەختە ئیمزاتان لە سەر وەرەقەکەی باڤڵ تاڵەبانی کردبوو و دواتریش دەستوورتان بە هێزەکەتان دابوو، هیچ بەرگرییەک نەکەن ئینسیحاب بکەن، تەرمی پیرۆزی شەهیدەکانتان لە بن زنجیری دەبابەی دوژمن جێهێشت!
ئێوە خەون و ئامانجی میللەتێکتان ڕادەستی دوژمن کردووە، بۆیە تەنیا ڕووڕەشی و خەجاڵەتی مێژووییتان بۆ تۆمار دەکرێ، ئەزانن بەم خیانەتە چ کارەسات و ماڵوێرانییەکیان بە سەر خەڵکی خورماتوو و کەرکوک و تەواوی کوردستاندا هێنا، ڕۆژێک دێت خۆتان و هاوخائینەکانتان دەبێ لە بەردەم دادگای گەلدا سزای خیانەتکاری وەربگرن.!

Back to top button