ئازادکرنی کەرکووک یان سلێمانی

کەنعان نووری
 
 
لەمدواییەدا و لە پاشی داگیرکردنی کەرکووک و ناوچەیلی دی، وەکچۆن خاکی کوردان سەرلەنوێ دابەش کرایەوە، ئاواش ڕیزەکانی نێوخۆیان دابەش بوو. بە لەونێ کە هەر دەستە و تاقمێ لە ئاوازێ دەخوێنێ و وای لێ هاتگە کە چەرمەسەرییە سەرەکییەکی لە بیری کوردان بردۆتەوە و مەگین لە پاش خۆرەتاوێکی وەهاریدا و دمای وەبەرکەوتنێکی گەرمەتیشکێک، هێندێک سڕبوونی ئەم زەبرە گورچکبڕە وەلا کەوێ و ئەو دەمی تازە بە تازە تارمایی پێش چاوەیلی قچێ وەلاچێ و پاشان بزانێ کە چ قەوماوە! هەڵبەت تا هاتنی ئەو تیڕێژی خۆرەتاوە زمسانێکی دوورودرێژی پڕ لە سەرما و کڕێوە هەس کە دەبێ تێپەڕێنرێ.
ئەوی ئەوڕۆ قەوماگە، بە چەشنێ کار و ئاکامی لەسەر دڵ و دەروونی کوردان وەجێ هێشتووە کە ئاستەمە بتوانێ لەهەمبەر دیتران سەر بڵیند بکات و وەکو جارانێ خۆی ڕاوەشێنێ. شتێک لە چەشنی ڕووشاندن و شکاندنی کەرامەتی مرۆی لێکەوتەوە کە ئاساییبوونەوەی نەک زەحمەتە، بگرە حاستەمە. مەگین زەمینلەرزەیەکی وەها بێتە گۆڕێ کە گ چتێ ئاوەژوو ببێتەوە. دەنا دەبێ چ شتێک قەرەبووی شکانی غروور و کەرامەتی گەلێک بکاتەوە؟
مخابن ئەو دابەشکارییەی نێوان لایەنێلی سیاسی شۆڕ بووەتەوە نێۆ جڤاک و گەلیش، کە هێندێ جار ئەوە لای مرۆ دەسەلمێنێ کە جڤاک بۆ خۆی لە تاو ئازارێلی خۆیدا ڕێگەی لێ وون بووگە و تین و تاوی ماندوویەتی و شەکەتی بڕستی جوێکردنەوەی چاک و خراپی لێ ستاندۆتەوە.
دیمەنەکە ڕوونە. هێزگەلی سوپا و حەشدی شەعبی، بە پاڵپشتیی سوپای قودسی ئێرانی و هاوکاریی هەواڵگری تورکی و وێدەچێ گڵۆپی سەوزی ئەمەریکاش وەرەو کوردستان دێن. دواتر لە نیوەشەوی ۱٦ ـی ئۆکتۆبەردا و بە هاوەڵیی و چاوساغیی باڵێکی ینک دەست بەسەر کەرکووکی ڕۆحی کورداندا دەگرن. لە پاش ئەم کەوتنە، سەرجەمی ناوچە دابڕاوەکانی تریش بە بێ ئەوەی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەوتۆی تێدا بکرێ، هەر لە گوڵاڵەوە تا شنگال دەکەونە بەر ڕەحمەتی سیکاردی سەربازانی گومنامی ئیمام! تا دوای ماوەیەک لە چەند بەرەیەکی زۆنی زەرد بەرگریی دەست پێ دەکات و هێزێلی حەشد تێکدەشکێنرێن. ئەمێستا و لەپاش ئەو پێشڕەوییانەی کە حەشد و عێراقییەکان کردوویانە، هەوڵی کۆنترۆکردنی سیماڵکا و تەنانەت برایم خەلیلیش دەدەن و کێرڤی داخوازییان چۆتە سەرێ.
هەموو ئەمانە ئەوەمان پێ ئێژن کە ئێرشێکی بەربڵاوی هەرێمایەتی لەسەر کوردان و بوونیان لە ئارادایە. چونکی دەستبردن بۆ هێندێک ناوچە و هەوڵدان بۆ دابڕاندنی بەشەکان لێکدی ئامانجەکەی ڕوونە و مەبەست لێی سڕکردنی هەمی کوردانە بۆ هەتاهەتایە پرسی گشتپرسیش تەنێ بیانووە بە دەستیانەوە.
لێ ئەوەی لە هەمووی بەئازارترە، ئەو دابەشبوونەی جڤاکە کە مخابن مخابن لە ئەنجامی بێدەربەستیمان لە ئاست نەیاران، وای کردووە کە سوودی لێ ببینن و هەندێک یاریش وەدووی خۆیان بخەن.
ئەوەی ئەوڕۆ لە زۆنی سەوز و بەتایبەت لە سلێمانیدا دەگوزەرێ، بەرەنجامی ئەو بێدەربەستییەی ئێمە و بەکەمزانینی نەیارانی کوردە کە ئەوڕۆ بۆتە دووڕێیانێک کە بڕینی هەر ڕێگایەکی مەترسی خۆی هەیە.
ئەو داخوازییەی لەوێندەر هەیە بۆ ڕاپەڕین و جۆرەکانی جووڵانەوە، تەنێ داخوازی نییە لەبۆ ئەو داوا ڕەوایانەی کە گەل هەیەتی. بەڵکوو بەکارهێنانی ئەو داوایانە و قۆستنەوەی دۆخی نالەباری هاوڵاتییە بە مەبەستی وەلاخستنی شەڕی کۆنەقینی هێندێک کەس و لایەن و تەنانەت وڵاتیش، بەڵام لەسەر سکی نەهامەتییەکانی گەل.
ئەوەی هەندێ کەس و لایەن لەو سنوورەدا بانگەشەی بۆ دەکەن زەنگێکی مەترسیدارە کە ئەشێ عاقڵمەندانی کورد لێی بگەن و پێشی پێ بگرن، چونکی ئەم ئازاری پەرتبوونە هێندەی تر قووڵ دەکاتەوە.
سەرباری هەموو ئەو نادادییانەی کە لە وەڵاتدا هەن، لێ هیچ بیر و لۆژیکیک ئەوەی پێ ڕەوا نییە تۆ نیوەی نیشتمانت داگیر کرابێ و هێزێلی جۆربەجۆری بێگانە تەراتێنی تێدا بکەن، کەچی بانگەشەی تۆ بۆ ڕووخاندنی هەموو ئەو ساختارە بێ کە چەندین ساڵە و بەدرێژایی سەدیەکە قوربانی لە پێناودا دەدەی! گەر سەرنج بدەین لە پێناو ئاسایشی نیشتمانیدا، لە دەمی شەڕ و تەنانەت لە وڵاتێلی دیمۆکراسیشدا، دەستووریش سڕ دەکرێ. چ جای هێندێک گەمەی لابەلا و شەڕی کۆنەقینی نێوان لایەنەکان.
ڕاستە سلێمانی پوتانسیڵێکی ناڕەزایی تێدایەو مخابن یار و نەیار جۆرێک لە سەرمایەگوزارییان لەو ناڕەزایەتییەدا کردووە و چەندین ساڵە کاری لەسەر دەکەن، بەڵام ئەوەی ئەوڕۆ لەوێوە بانگەشەی بۆ دەکرێ گەلێ مەترسیدارە دەکرێ پێشی هەموو شتێک مەترسی بۆ سەر خودی شار ساز بکات. هەر بۆیە دەبێ ژیرانە مامەڵەی لە تەکدا بگرێ بە چەشنێ بە کەمترین زیان لێی بچینە دەرێ. دەکرێ بڵێین کاری سەرەتامان ڕزگارکردنی سلێمانی بێ لەو دۆخە، پاشان هەوڵدان بۆ هێنانەوە و ئازادکردنەوەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە.
Back to top button