دیپلۆماتكارێكی فەرەنسی چەند میدیایەكی كوردی بە درۆ دەخاتەوە

دوای ئەوەی چەند میدیایەكی كوردسستان بە پشت بە بەستن بە هەواڵێكی شێوێندراو, كە لە مالپەڕی (هەبەر تورك) بڵاو كراوەتەوە‌ رایانگەیاند كە بالیۆزی پیشوی فەرەنسا لە كوردستان گوتوویەتی ئێمە بارزانیانمان بە هەڵەدابرد”.فرێدریك تیسۆ، دیپلۆماتكاری فەرەنسی روونكردنەوەیەكی لە بارەی گفتوگۆیەكی خۆی بڵاودەكاتەوە، كە پێش چەند رۆژێك لەلایەن چەند میدیایەكی كوردی بڵاوكرایەوە و سەرچاوەكەشی مالپەڕی “هەبەر تورك” بووە.

هەڵگورد سەمەد، رۆژنامەوانی كورد و نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسا و دۆستێكی نزیكە فرێدریك تیسۆیە، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، ئاماژە بە روونكردنەوەكەی فرێدریك تیسۆ دەكات كە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تیسۆ پێیگوتووە: “بەهیچ شێوەیەك من نەم گوتووە كە بارزانیمان بەهەڵەدا بردووە، بەڵكو لە وەڵامی پرسیارێكدا كە رۆژنامەوانە توركەكە لێی پرسیوم ئایا ئێوە وەكو رۆژئاواییەكانی دۆستی كورد پێتان وانییە هەڵەتان كرد و هەڵە بیرتان دەكردەوە لە مەسەلەی ریفراندۆمدا؟ سەیركەن ئێستا چی روودەدات”.

ئەو دیپلۆماتكارە فەرەنسییە، لە بارەی ئەو پرسیارەی “هەبەر تورك”، كە بۆ هەڵگورد سەمەد روونی كردووەتەوە، گوتوویەتی: “ئەوەی روودەدات زۆر ناخۆش و یەكجار خەمبارم بەو رووداوانە. بەڵێ، لەوانەیە ئێمە لە خوێندنەوەكانماندا هەڵەمان كردبێت. پێشبینی ئەوەمان نەدەكرد كە دۆخەكە بگاتە ئەو ڕادەیە”.

 

هەروەها گوتوویەتی: “هەرگیز لەوەدا هەڵە نەبووین كە پشتگیری ریفراندۆممان كردووە بۆ سەربەخۆیی گەلی كوردستان، چونكە ئەوە مافی ئەوانە و سەدەیەكە هەوڵی بۆ دەدەن. وەك دۆستێكی گەلی كورد، كە زیاتر لە 40 ساڵە لەگەڵیانم، هەر لە كۆتایی حەفتاكانەوە كە ئاشنای دكتۆر قاسملۆ بووم تاوەكو ئێستا بەردەوام ئەو پەیوەندییە بەهێزەم لەگەڵ كورددا هەیە و پاراستوومە. من هەمیشە پشتگیری سەربەخۆیی كوردستانم كردووە و دەكەم. بەڵام هەموو كات رۆژئاواییەكان گوتوویانە (ئێستا كاتی سەربەخۆیی كوردستان نییە) خۆ بە قسەی ئەوان بێت قەت كاتی سەربەخۆیی نایێت”.

 

سەبارەت بە ناوونیشانی هەندێك لە سایتە كوردییەكان، تیسۆ دەڵێت: “چۆن دەتوانم بڵێم (ئێمە بارزانیمان بەهەڵەدا بردووە)، لەكاتێكدا بارزانی راوێژكاری خۆی هەیە و پێش ئەوەی ئێمە بچینە كوردستان بڕیاری ریفراندۆم درابوو. ئێمە تەنیا پشتگیری ریفراندۆممان كردووە و چاودێر بووین، نەك بڕیارمان بە بارزانی دابێت بۆئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدات”.

 

تیسۆ لە درێژەی روونكردنەوەیدا بۆ ئەو رۆژنامەوانە كوردە دەڵێت: “بەتەما بووم روونكردنەوەیەك بۆ ئەو میدیا كوردیانە بنووسم كە هەواڵەكەیان بڵاوكردۆتەوە، چونكە زۆر هاوڕێم پەیوەندییان پێوەكردم. دەزانم ئەمە كوردەكانی هاوڕێمی دڵگران كردووە، بەڵام دوودڵ بووم، نەمدەزانی بە چ زمانێك و چۆن روونكردنەوە بنووسم، چونكە زۆربەی میدیا كوردییەكان فەڕەنسیزمانیان نییە و رەنگە نەشتوانم بە ئینگلیزی مەبەستەكەم بەتەواوی بگەیەنم. لەلایەكی دیكەوە بیرم لەوە دەكردەوە كە ئایا روونكردنەوە چ سوودێكی دەبێت، لەكاتێكدا هەواڵەكە بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان بڵاوبۆتەوە”.

Back to top button