كۆمیسیۆن بڕیاری پەسەندكردنی لیستە نوێیەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە
:
ئەمڕۆ 31/10/2017 ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، پەسەندكردنی ئەو لیستە نوێیانەی هەڵوەشاندەوە كە بۆ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 1/11/2017 پەسەندی كردبوون.
لە نووسراوێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دا، هۆكارەكەی روونكراوەتەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە كە “پاش ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی دوو وەرزی دیكە تەمەنی خۆی درێژكردەوە، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەسەندكردنی لیستە نوێیەكانی دەركردووە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە “پەسەندكردنی لیستەكان بۆ هەڵبژاردنی 1/11/2017 بوو، بۆیە هیچ لیستێك بۆی نییە بەو ناوەوە بانگەشە بكات و ناو و ژمارەكە تەنها بۆ ئەو هەڵبژاردنە بووەو ئەویش دواخراوە.
هەروەها دەڵێن: “ئەو بڕە پارەیەی وەك بارمتە لای كۆمیسیۆن دانرابوو، لە بەرامبەر تۆماركردنی لیستی قەوارە سیاسییەكان وەرگیرابوو، بۆیان دەگەڕێنرێتەوەو پاش دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردن لە داهاتوودا، كۆمیسیۆن دەرفەتی دیكە دەڕەخسێنێ بۆ تۆماركردن و پەسەندكردنی لیست و قەوارەكان.