پەرلەمانتارێكی كورد: حكومەتی عێراق دەیەوێ كوردیش وەك سوننە لێبكات
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق نزیكەی 10 دانیشتنی لەبارەی چۆنێتی سزادان و گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كوردستان ئەنجامداوە، لەكاتێكدا پرۆسەی سیاسی لە عێراقی دوای رژێمی سەددام لەسەر بنەمای سازانی كورد و شیعە و سوننە بونیاتنراوە..
رێناس جانۆ، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك بنەمای تەوافوق لە عێراقدا نەماوە.
ئەو پەرلەمانتارە كورد دەڵێت “لایەنە شیعەكان سەرەتا پێكهاتەی سوننەیان وێرانكرد، بەشێوەیەكیان لێكردن، كردیانە سوننەی مالیكی و سوننەی داعشی، ئەوەی دیكەش بەهیچ شێوەیەك جێگەی سوننە نەبووەوە، دوای وێرانكردنی سوننەكان ئێستا هاتوونەتە سەر كورد دەیانەوێت كوردیش بەدەردی سوننەكان ببەن”.
رێناس جانۆ دەڵێت، هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان لە نووسراوێكدا داوایكردووە لە بری كوردستان، باكووری عێراق بەكاربهێنرێت.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی پێیوایە، گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی نوێنەرانی كورد بۆ پەرلەمانی عێراق “هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، شیعەكان باڵادەستن و چیان بوێت، ئەوە ئەنجامدەدەن، مامەڵەكردنیش لەگەڵ ئەم فەرهەنگ و بیركردنەوە كارێكی سەختە و دەیانەوێت لەسەر حسابی پێكهاتەیەكی سەرەكی وەك كورد خۆیان باڵادەست بكەن”.
پەرلەمانتارە كوردەكەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان “بووەتە داردەستی نووری مالیكی و لایەنە شیعەكان و چۆنیان بووێت وادەكەن. پەرلەمان بووەتە پەرلەمانێكی فاشیل و تاكڕەو”.