نوری مالیكی: بەرهەم ساڵح پێشنیازی كرد هێز دژی كوردستان بجولێنین
تادێت پلانە ژێربەژێرەكانی چەند سەركردەیەكی كورد دژ بە كوردستان ئاشكرا دەبێت, دوای تێپەڕینی چوارساڵ بەسەر لەشكركێشی سوپای عێراق بۆ كەركووك, سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، كە جێگری دووەمی پێشووی سكرتێری گشتیی یەكێتیی پێشنیازی بۆ كرد، كە هێز دژی كوردستان بجولێنم.
نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی (دیجلە)ی وڵاتەكەیدا رایگەیاندووە، كە لە مانگە دەستكردەكانەوە تێبینییان كردووە نەوتی نەفتخانە بە تانكەر هەناردەی ئێران دەكرێت و لەوێش بۆ ئەفغانستان.
نوری مالیكی هەروەها رایگەیاندووە، كە لەو كاتەدا ئەو سەرۆك وەزیران بووە و بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی پێشووی سكرتێری گشتیی یەكێتییش جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، بانگی كردووە و پێی گوتووە، ئەو تانكەرانە نەوت بۆ بەرژەوەندیی پارتی دەگوازنەوە ئێران، بەرهەم ساڵحیش لەبەرامبەردا گوتویەتی، تانكەرەكانی تەنیا هی پارتی نین، هی یەكێتیشن.
سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بە بەرهەم ساڵحی گوتووە چارە چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی، با هێز لە دژی كوردستان بەكاربهێنن.
نوری مالیكی لەو لێدوانەیدا باسی ئەو كاتە دەكات، كە كوردستان بۆریی هەناردەكردنی نەوتی نەبوو، تەنیا رێگا بۆ هەناردەكردنی نەوتەكە، تانكەری سووتەمەنی بوو، كە سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهاتی هەرێمی كوردستان بوون، بەهۆی ئەوەی بە بڕیاری مالیكی بەشەبودجەی كوردستان بڕدرابوو.