رۆژنامەیەكی بەناوبانگی جیهان: بارزانی ماندێلای كوردە
دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی 28ی ئۆكتۆبەر بڕیاری وازهێنان و قبوڵنەكردنی درێژنەكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێمی دا, رووداوەكە لە سەر ئاستی جیهان كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە بە جۆرێك رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئاسیا دەڵێت: مەسعود بارزانی هاوشێوەی نیلسۆن ماندێلا و شارل دیگۆڵە بۆ كورد.
رۆژنامەی ئاسیا تایمز، كە بە یەكێك لە بەربڵاوترین رۆژنامەكانی ئاسیا بە زمانی ئینگلیزی دادەنرێت لە راپۆرتێكدا لە بارەی سەرۆك مەسعود بارزانی، نووسیویەتی: بارزانی بۆ كورد هاوشێوەی رێبەری كۆچكردووی باشووری ئەفریقا نیلسۆن ماندێلا و سەركردەی بەناوبانگی فەرەنسا شارل دیگۆڵە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی: ملیۆنان كورد لە ژیانی خۆیاندا هیچ سەركردەیەكیان لە وێنەی مەسعود بارزانی نەبینیوە، كە بۆ ئەوان وەكو سیمبوڵێكی گەورە و دیاری دۆزەكەیانە.
ئاسیا تایمز هەروەها باس لەوە دەكات، كە بارزانی بە سەركردەیەكی نەتەوەیی كورد دادەنرێت، كە هەوڵێكی زۆری بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە.
راپۆرتەكە باسی ئەوەشی كردووە، بارزانی سەرەڕای ئەوەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام هەر لە هەولێر و كوردستان دەمێنێتەوە و وەكو باوكی نەتەوەیەك درێژە بە خەباتەكەی دەدات.