بۆ پشتگیریی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ژمارەیەك كۆنگرێسمانی ئه‌مریكا ھەڵمەتێكی گه‌وره‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن

ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا ژمارەیەک کۆنگرێسمان ھەڵمەتێکی پشتگیریی بۆ کورد لە دژی ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.

وا بڕیارە ئەمڕۆ چوار شه‌ممه‌ 1/11/2017 ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی هه‌ڵمه‌تێك رابگه‌ێنن و پاڵپشتی خۆیان بۆ گه‌لی كوردستان رابگه‌ێنن، له‌وانه‌ (رۆن دیسانتیس، ترێنت فڕانکز و ھەروەھا ساباستیان گۆرکا، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ سیاسەتەکانی دەرەوە لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆڕ و شارەزایی سەربازیی و سیاسی ئەمریکی) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە کۆنگرێس ئەنجام بدەن، بە ‌مەبەستی داواکردن لە ئیدارەی ترەمپ پشتگیریی کورد بکات و بیانپارێزن لە ھێرشەکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان.

ھەروەھا لەو کۆنگرەیەدا بڕیارە کۆنگرێسمانانی ئەمریکی داوا لە کۆشکی سپی بکەن ھاوکاریی زیاتر بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکات بە مەبەستی پاراستنی گیانی ھاووڵاتی باشووری کوردستان.

ئه‌وه‌ی شیاوی باسه‌” ئه‌م پاڵپشتی و داواكارییه‌یی كۆنگرێسمانه‌كان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و كوردستانییان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش هاوپه‌یمانی راسته‌قینه‌ی ئه‌مریكا بوون و شه‌ڕیان له‌ پێناو ئاشتی بۆ كوردستان و عێراق و جیهان كرد، له‌ ئێستاشدا له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپایی پاسدارانی ئێرانی و حزبوڵای لوبنانی، هێرشی ناڕه‌وا ده‌كریته‌ سه‌رخاكی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا به‌ ده‌ستی ئه‌وان شه‌هید ده‌كری و ئه‌مریكا وه‌كو پێویست نه‌هاتۆته‌ ده‌نگ.

Back to top button