سه‌رۆك بارزانی: شەهیدكردنی رۆژنامەنووس “ئەركان شەریف” نموونەی روونی فەرهەنگی شۆڤێنییە

سه‌رۆك بارزانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی شەهیدكردنی ئەركان شەریف، وێنەگری كوردستان تیڤی رایگەیاند “شەهیدكردنی رۆژنامەنووس ئەركان شەریف نموونەی زۆر روونی ئەو فەرهەنگە شۆڤێنیەیە، كە بەزۆری چەك و بە ناحەق خۆی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەپاندووە”.

سه‌رۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا ئه‌وه‌شی گوتوه‌ “كه‌ بەرپرسیارێتی شەهیدكردنی ئەركان شەریف و ئازاردانی خەڵكی ئەو ناوچانە لەسەر شانی ئەو هێزانەیە كە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادەستووری خۆیان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە”.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی شەهیدكردنی رۆژنامەنووس ئەركان شەریف

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

شەوی بیست و نۆ لەسەر سیی مانگی دەی دووهەزار و حەڤدە رۆژنامەنووس و وێنەگری كوردستان تیڤی ئەركان شەریف لە شارۆچكەی داقوق كە لە كۆنتڕۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبیە، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لە ماڵی خۆی لەلایەن كۆمەڵێك چەكداری دەمامكدار شەهیدكراوە. شەهیدكردنی رۆژنامەنووس ئەركان شەریف نموونەی زۆر روونی ئەو فەرهەنگە شۆڤێنیەیە كە بەزۆری چەك و بە ناحەق خۆی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەپاندووە. كە بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ژیانی خەڵك نییە. بەرپرسیارێتی شەهیدكردنی ئەركان شەریف و ئازاردانی خەڵكی ئەو ناوچانە لەسەر شانی ئەو هێزانەیە كە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادەستووری خۆیان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە.

بەم بۆنە خەمناكەوە سەرخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری شەهید ئەركان شەریف و هەموو رۆژنامەنووسانی كوردستان و ستاڤی تەلەفزیۆنی كوردستان تیڤی دەكەم.

سڵاو لە گیانی شەهید ئەركان شەریف و هەموو شەهیدانی كوردستان.

مەسعود بارزانی
1ـی 11ـی 2017

Back to top button