مه‌سرور بارزانی: سه‌پاندنی هێز هیچ ئه‌نجامێكی نابێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1/11/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ فرانک بێیکر، بالیۆزی بەریتانیا و شاندی یاوەری کۆبوویەوە، لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا پەرەسەندنەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان وبەغدا کرا و باڵیۆزی بەریتانی نیازی خۆی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە ھەرچی زووتر جوڵە سەربازییەکان کۆتایی پێ بھێنرێت و ھەولێر و بەغدا لە سەر مێزی گفتوگۆ بە پێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پەیوەست بە ھێرشی سەربازیی بەغدا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، ئاماژەی بە ئەوەدا کە نزیکەی سەدەیەکە لە عێراقدا ھێزی سەربازی بۆ سەرکوتکردنی خواستی کورد بەکار دەھێنرێت، بەڵام ئەو کردارانە بێ ئەنجام بووە، بۆیە پێویستە بەغدا لەجیاتی سەپاندنی ھێز بیر لە رێگەچارەی ئاشتییانە و گفتوگۆ بکاتەوە.

ھەروەھا مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە ئەوەدا کە لە بەغدا زۆر باسی جێبەجێکردنی دەستوور دەکرێت، بەڵام ئەو رێکارانەی لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەگیرێنەبەر سیاسین و پێشێلکردنی زەقی دەستوورە، گوتیشی: “ئەگەر بڕیاریشە دەستوور جێبەجێ کرێت، پێویستە ھەموو دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت”.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش ئاواتی خواست کە ھەرچی زووترە دانوستانەکانی ھەولێر و بەغدا لە بواری سەربازیەوە بۆ بواری سیاسی و ئیداری بگوازرێتەوە و کۆتایی بەو گرژیانەی ئێستا بھێنرێت.

Back to top button