هه‌ولێر وه‌ڵامی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق ده‌داته‌وه
له راگه‌يه‌ندراوێكدا فه‌رمانده‌يى ئۆپراسيۆنه هاوبه‌شه‌كانى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ى ناردنى هێز و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌رێم ده‌كات، ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ولێر به مهرجهكانيان رازى نه‌بێت، له به‌رامبه‌ريشدا سه‌رچاوه‌يه‌كى ئاگادار بۆ كوردستان 24 رايگه‌ياند، هه‌رێمى كوردستان داوايكردووه، كێشه‌كان به رێگه چاره‌ى سياسى چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌ك به له‌شكركێشى سه‌ربازى.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى فه‌رمانده‌يى ئۆپراسيۆنه هاوبه‌شه‌كانى عێراقدا هاتووه: شاندى هه‌رێم په‌شيمان بووه‌ته‌وه له‌و رێككه‌وتنه بهراييهى واژوو كرابوو، ده‌يانه‌وێت يارى به كات بكه‌ن و بگه‌ڕێينه‌وه بۆ چوارچێوه‌ى يه‌كه‌م و هه‌رێم هه‌وڵده‌دات هێزه‌كانى جوڵه پێبكات و خاڵى به‌رگرى دابنێت و رێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى هێزه‌كانمان بكات و ئێمه‌ش له‌وه بێده‌نگ نابين و وادهيهكمان بۆ هه‌رێم دياريكردووه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى هێزه‌كانمان و هيوادارين رێگريش له هاتنى هێزه‌كانمان نه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خوێن نه‌ڕژێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێزه چه‌كداره‌كانى هه‌ولێر چه‌ك به‌كاربهێنن و به شه‌ڕ وه‌ڵامى هێزه‌كانمان بده‌نه‌وه، ئێمه‌ش به چه‌كى ياسا وه‌ڵاميان ده‌ده‌ينه‌وه.
له وه‌ڵامى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا سه‌رچاوه‌يه‌كى ئاگادار له هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند”، ئێمه له وه‌ڵامى پێشنيازه‌كانى حكومه‌تى عێراق، پێشنيازى نوێمان له باره‌ى خاڵه سنوورييه‌كان و ناوچه جێناكۆكه‌كان خستووه‌ته‌ڕوو، دياره عێراق ره‌تيده‌كاته‌وه و عێراق ده‌يه‌وێت هێزى زياترى چه‌كدارى ره‌وانه‌ى ناوچه سنوورييه‌كان بكات و ئێمه‌ش پێمان وايه ئه‌وه پرسێكى سه‌ربازى نييه و ده‌بێت به شێوه‌يه‌كى سياسى چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك به شه‌ڕ و خۆسه‌پاندنى سه‌ربازى.