نێچیرڤان بارزانی و عەلی باپیر جەختیان لە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان كردەوە
ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عەلی باپیر ئاشكرای دەكات كە هەردوولا جەختیان له یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و چارەسەركردنی كێشه هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا به ڕێگەی دیالۆگ كردووەتەوە.
ماڵپەرەكە ئاماژەی بە ئەوە كردووە كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممه 1/11/2017 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری، سەردانی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان له ئۆفێسی خۆی له هەولێر كردووە و لەلایەن ئەمیر و ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانەوه پێشوازی لێ كراوە.
له دیدارێكدا ڕەوشی ناوچەكه و عیراق و هەرێمی كوردستان بەگشتی و ڕووداوەكانی ئەم دواییه بەتایبەتی و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و چارەسەركردنی لێكەوتەكانی، خراونەتە بەر باس. هەردوولا جەختیان له یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و چارەسەركردنی كێشه هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا به ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و دروستكردنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژوەندیی هاوبەش، كردووەتەوە.
تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی پەیوەندیدار به كێشه ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و دۆخی هاووڵاتیان و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی تۆكمه بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم، لایەنێكی دیكەی دیدارەكه بووە.