ئارێز عەبدوڵا: ئەوانەی سكاڵایان لە دژم تۆمار كردووە تەنها ڕوو ڕەشیان بۆ دەمێنێتەوە
دوای ئەوەی ئاڵا تالەبانی تۆمەتی ساختە بوونی بڕوانامە دەخاتە پاڵ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە پەرلەمانی عێراق، ئارێز عەبودڵا ڕای دەگەیەنێت، ئەوانەی كە سكاڵایان لە دژی تۆمار كردووە تەنها “ڕوو ڕەشیان” بۆ دەمێنێتەوە.
پێشتر لە میدیاكانەوە بڵاو كرایەوە كە (ئاڵا تاڵەبانی) سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆمەتی ئەوەی بڕوانامەی (ئارێز عەبدوڵا) سەرۆكی ئێستای فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، ساختەیە، سكالای یاسایی تۆمار كردووە.
ئارێز عەبدوڵا، سەرۆكی فراسیۆنی یەكێتیی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: “ئێستا من لە بەغدام و خۆم داوام كردووە بچمە پێش دادگا، بەڵام تا پارێزبەندیم هەبێ ناكرێ بچمە پێش دادگا، ئەوانەشی سكاڵایان لە دژی من تۆمار كردووە تەنها ئامانجیان ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتە بووە لە دەزگا میدییایەكان، چونكە داواكە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو گەیشتە پەرلەمان و چوارشەممە لە میدیا عێراقییەكان و پێنجشەممەش لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان بڵاو كرایەوە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی باس لەوەش دەكات، كە ئەو دەزانێ كێن ئەوانەی سكاڵایان لە دژی تۆمار كردووە، گوتیشی: “ئەوانە تەنها ڕوو ڕەشیان بۆ دەمێنێتەوە”. ڕوونیشی كردەوە كە دادگا لەو حاڵەتەدا نەپەیوەندی بە خودی خۆی نە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كردووە بۆ ئەوەی ڕاستی و دروستی بابەتەكەی بۆ بسەلمێت، ڕاستەوخۆ داوایان لە پەرلەمانی عێراق كردووە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگرن.