عەبادی تا كوێ دێت ؟
یاد سرێشمەی
ئەوەی عەبادی بەناوی دەستورەوە دەیکات، پێچەوانەی دەستورە، بەڵام فوپێداکردوون و دەست لە پشتدانی بەجۆرێک عەبادی سەرمەست کردووە، کە وەک چۆن ئێستا نازانێت چ دەکات بەدڵنیایشەوە نازانێت دەرهاویشتەکانی ئەقلیەتی تۆتالیتاری بەکوێی دەگەیەنێت.
عەبادی بۆجاری یەکەمە کۆدەنگیەکی شیعە بەو جۆرە دەبنێت کە بۆ دژی کوردستان بەپێش خۆیان داوە، هەلبەتە بێدەنگی دونیاو ئافەرینی تورکیاو ئێرانیش بەجارێک سەرخۆشیانکرد، جگەلە هاوسۆزانی کوردستانیش ناچاری دەکەن کە لەئێستادا لەسەر تۆنی قەیس خەزعەلی و بەهەمان ئەدەبیاتی حەسەن پلایس بێتە مەیدانی سیاسەت و قسە بکات.
ئەو هەڵچونەی عەبادی هۆکارەکەی روونە کە فوپێداکردنی ئێرانە لە پەنجەرەی حەشدی شەعبیەوە، بۆیە عەبادی لە بوکەلەیەکی سیاسی پێشووتر ئێستا وەک پالەوانی سیاسی خۆی دێتەبەرچاو، بەدڵنیایشەوە وای بە بنگوێدا دەخوێندرێت کە پالەوانی گەڕاندنەوەی کەرکووک و بەشێکی کوردستانە بۆ سەر نەخشەی عێراق، کە پێشتر هیوایان بەگەڕانەوەی هێندە لاواز بوو، بۆیە کەگەڕایەوە شاکەشکەبوو بە ئاستێک پێی وابوو دەست درێژکردنی زیاتریش دەتوانێت، بەڵام وەڵامی کەمەرشکێنی پێشمەرگە بۆی ڕوونکردەوە کە پالەوانێتی ئەو ئەگەر پێی وایە پالەوانە لە دەرنەتیجەی خیانەتێک بووە.
عەبادی جگە لەوەی ئێستا بە لۆژیکی هێز قسە لەگەڵ کوردستان دەکات، دەیەوێت لەبۆشای نابیست و نابینی دونیا هەرێمی کوردستان کە لەچوارچێوی فیدرالیەتی عێراق و لەماددەی یەکی ئەو دەستورەی ئەو پێی وایە جێبەجێی دەکات جێکراوەتە هەلوەشێنێتەوە، بۆیە جگەلەوەی ڕایگەیاندووە مامەلەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان دەکات، ئەوا لەکۆی ۱٦ پۆستی شەوی ڕابردووی فیسبووک کە باس دێتەسەر کوردو کوردستان، ناوی کوردو کوردستانی نەهێناوە بەلکو شیمال عێراق و عێراقیەکانی شیمال بەکارهێنا.
ئێستا هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەلێن بوغرای ولەخۆ بای بوونی عەبادی، فوپێداکردنی بەردەوامی ئێران و بێدەنکی ئەمریکا دواجار میزلدان (دەب دەبە)ـی سیاسی عەبادی دەتەقێنێت.
باچاوەڕێ بکەین