فەرماندەیەكی سەربازی ئەمەریكا: جگە لە داننان بە كوردستان چارەسەرێكی تر نییە
دوای ئەوەی عێراق لە رێگای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە هاوكاری میلیشیاكانی ئێران هێڕشیانكردە سەر هەرێمی كوردستان چەند ناوچەیەكی كوردستانیان داگیركرد,
فەرماندەیەكی پێشووی سوپای ئەمەریكا لە وتارێكدا دەڵێ، شەڕكردن دژی كوردستان كارێكی گەمژانەیە و ئەوان مافی خۆیانە سەربەخۆ بن و فیشەكی سەربەخۆییشیان تەقاندووە، بەڵام كاتی دەوێ تا ئامانجەكە دەپێكی و سەربەخۆیی خۆیان ڕادەگەیەنن، لەتەك دژایەتیكردنی كوردستانیش، دەستی باڵا و بەرز هەن كە بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەنگ بەرز دەكەنەوە.
دێڤد تی جۆنز ئەفسەری خانەنشینكراو لە خزمەتی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ماوەی 30 ساڵ لە وەزارەتی دەرەوە كاری كردووە، خاوەنی سەدان وتار و ستوون و كتێبە لەسەر پرسە سیاسی و سەربازییەكان، هاوكات وەك ڕاوێژكاری سوپاسالاری ئەمەریكا كاری كردووە، بەناوبانگترین كتێبیشی “جێگرەوەی ئەمەریكای باكور: كەنەدا و ئەمەریكا دەتوانن چی لە یەكترەوە فێر ببن”. لە وتارەكەیدا دەڵێ، ئایا كوردەكان ئەم جارە ڕێی خۆیان دۆزیوەتەوە؟ ئەوان گەل و گرووپێكی نەتەوەیی جیاوازن، زیاتر لە سەدەیەكە ویستی ئەوان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان پەراوێز دەخرێ، ئەو دەوڵەتانەی خاكی كوردستانی گەورەیان تێدایە كوردستان ناچار دەكەن خۆی ڕادەست بكات و خاك و سەرچاوەكانی هەر لە ژێر دەستی خۆیان دەهێڵنەوە، هەریەك لە توركیا و ئێران و سووریا و عێراق هیچ بەرژەوەندییەكیان لەوەدا نییە ڕێز لە خەباتی كوردەكان بگرن، جگەلەوەیش پێوەندی دووقۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەشێك لەو وڵاتانەی دراوسێی كوردستان، زۆر گرنگترە لە هەوڵەكانی كورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، ئەمە كارێكی پیسە و واقیعێكە، كە پشتیوانی دروستبوونەوەی كێشەی تر دەدا، بەشێك لە توركەكان كوردەكان بە تیرۆریست هەژمار دەكەن، بەڵام سەربەخۆیی كوردستان فیشەكێكە هاوێژراوە، ڕاستە دوور دەڕوات و تا ئامانج دەپێكی، بەڵام لە كۆتادا ئەگەری گەیشتن و پێكانی ئامانجی گەلێك زۆرە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ژمارەی كوردەكان 30 تا 45 ملیۆن كەس دەبێ و تەنیا لە ئەڵمانیا ملیۆنێك و 500 هەزار كورد بوونیان هەیە، كوردستانی گەورە خاكەكەی گەورەتر لە وڵاتی ئۆكرانیا و ئەرجەنتین و تۆزێكیش لە ئیسپانیا بچووكترە، خەباتی ئەوان بەردەوام ڕووبەڕووی ڕیشەكێشی و كۆمەڵكوژی و خوێنڕێژی كراوەتەوە لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و بە دڕندانەترین شێوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، كەمایەتییەكان لە دژیان بەكار هێنراوە،بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بە زۆر خوێندن و نووسین و كولتووری وڵاتانی تریان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام نەیانتوانیوە كولتووری كورد لەناو ببەن. بەم دواییە پێوەندییەكانی كورد لەگەڵ ئەنكەرە لاواز بوو، بەڵام تا ئێستە ئاشتی لە نێوانیان هەیە، لە وڵاتانی تر جەنگی ناوخۆیی هەیە و ئاشتییەكی ساردیش لە ئارادایە، كوردانی عێراق لە هەموو شوێنێك زیاتر نزیكن لەو ئامانجە ئەوان 17% عێراق پێك دەهێنن و زۆرینەی ناوچەكانی باكوری عێراقیان بەدەستەوەیە، ئێستە ئەوان ناوچە دەوڵەمەندەكانی نەوتیشیان لە ژێر دەستە بە تایبەت لە كەركووك، پێشتر هێزەكانی عێراق كۆمەڵكوژی و كوشتارگەی گەورەی كوردەكانیان كردووە، بۆیە كوردەكان لە جەنگی گەردەلوولی بیابان دڵخۆش و شادمان بوون و لە 200یش بەشداری سەرەكی ڕووخانی سەدام و ڕژێمەكەی بوون.