ڕەوتی سەدر بەو مەرجە هاوپەیمانێتی عەبادی قبوڵ دەكەین, مالیكی دادگایی بكرێت

 

 

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی ئەحرار (سەر بە ڕەوتی سەدر) ڕای دەگەیەنێت، لیستەكەیان بەمەرجێك هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستی عەبادی دەبەستێت، بەوردی لێكۆڵینەوە لەكەوتنی مووسڵ و تاوانی سپایكەر بكرێت، كە بەپێی پەرلەمانی عێراق، مالیكی هۆكاری یەكەمی ئەو دوو ڕووداوەیە.

 

زەینەب سەهلانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی ئەحرار لە پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاند: “پشتیوانیكردنی فراكسیۆنەكەمان بۆ عەبادی، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەیە عێراق تێیدا تێدەپەڕێت”.

 

ئاماژەی بەوەشدا، كە مانەوەی حەیدەر عەبادی لە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران بۆ كابینەی داهاتوو، پەیوەستە بە ژمارەی ئەو كورسییانەی پەرلەمان كە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەدەستی دەهێنێت، هەروەها هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان.

 

ڕوونیشیكردەوە، كە هاوپەیمانێتیكردنی لیستی ئەحرار لەگەڵ لیستەكەی عەبادی، بەدوور نازانرێت، بەڵام پەیوەستدارە بە چەند مەرجێك، لەوانەش نەهێشتنی گەندەڵی و لێپرسینەوە لەگەندەڵكاران، ئەمە جگە لە كردنەوەی دۆسێیەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی سپایكەر (ئەو تاوانەی داعش 1700 خۆبەخشی شیعەی لە تكریت كوشت) هەروەها لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ بەدەست داعش و سزادانی ئەوانەی تێوەگلاون.

 

دوای كەوتنی مووسڵ لە حوزەیرانی 2014 بەدەست داعش، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا و دوای نزیكەی ساڵێك لەلێكۆڵینەوەكردن، لیژنەكە ڕاپۆرتێكی ئامادەكرد و پەرلەمان پەسەندی كرد، بەپێی ڕاپۆرتەكە، نووری مالیكی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، كە ئەوكات سەرۆك وەزیران بوو، هۆكاری یەكەمی كەوتنی مووسڵە، ڕاپۆرتەكەش درایە داواكاری گشتی، بەڵام تائێستا هیچ ڕێكارێك بەرامبەر مالیكی و تۆمەتبارانی دیكە، نەگیراوەتەبەر.

Back to top button