نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا دوایین پێشهاته‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن

 

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد.

له دیدارێكدا كه به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وهزیرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادهی بوو، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانیی وڵاته‌كه‌ی له ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌ربڕی كه له ئاكامدا شه‌ڕ و كوشتاری لێكه‌وته‌وه و هیوای خواست هه‌ردوولا هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ كۆتاییهێنان به بارگرژییه‌كان و ده‌ستپیكردنی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وامیی ئاگربه‌ستی به پێویست زانی.

به‌ڕێزیان پاڵپشتیی وڵاته‌كهیشی بۆ هه‌وڵهكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی ڕێكخستنه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له سه‌ره‌تاوه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یو‌یستووه شه‌ڕ و پێكدادانی سه‌ربازی لهنێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕووبدات و بۆ ئه‌مه مه‌به‌ستهش ژماره‌یه‌ك به‌یاننامه‌ی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگ ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له به‌رامبه‌رادا به‌غدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا فشاری زیاتر بخاته سه‌ر هه‌رێم و هێڵه‌كانی به‌ریه‌ككه‌وتن و له‌م نێوه‌نده‌شدا پێشمه‌رگه به‌رگری له‌خۆی و ئه‌و ناوچانه كردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ و له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به پێویست زانی.

له به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاوازه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌تایبه‌تی كه له هه‌شت مانگی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنێكی نوێ له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.
 

Back to top button