رۆژنامه‌ی القدس العربی ئاشكرای ده‌كات كه‌ركووك له‌لایان ئێران داگیركراوه نه‌ك عێراق
رۆژنامه‌ی القدس العربی له سه‌ر زاری پۆلیسی شاری كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات، دوای داگیركردنی شاری كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌كی زۆری پێشێلكاری له‌لایه‌ن میلیشیا شیعییه‌كانه‌وه له دژی پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه كراوه و به شێوه‌یه‌ك كه شه‌قامه‌كانی شاری كه‌ركووك به ته‌واوی به وێنه‌كانی عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران ته‌نراوه و رفاندن و تاڵانكردنی ماڵی هاوولاتیانیش به‌رده‌وامه.
رۆژنامه‌كه له‌زاری به‌رپرسێكی پۆلیسی شاری كه‌ركووك بڵاویكردووه‌ته‌وه كه پێشێلكارییه‌كانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له دژی پێكهاته‌كانی شاره‌كه زیادیكردووه و كه به‌م دواییه هێزه‌كانی سوپای عێراقیش له دژی كوردانی ناوچه‌كه ده‌ستیان به رفاندن و كوشتن كردووه.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه له‌زاری به‌رپرسی پۆلیسی كه‌ركووك ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی كه راسته‌وخۆی له‌لایه‌ن پاسدارانی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی هاووڵاتیان كورد داوای بڕه پاره‌یه‌كی زۆر له كه‌سوكاره‌كانیان ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها له سه‌ر داموده‌زگاكانی حكوومی و حزبی به تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان وێنه‌ی عه‌لی خامه‌نه‌یی و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی سوپای پاسداران و حه‌شدی شه‌عبی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه.