لە ورمێ شەڕ لەنێوان گرووپێکی چەکدار و هێزێکی ئەمنیی ئێران روویدا



لە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ لەنێوان گرووپێکی چەکدار و هێزێکی پاسەوانی سنووری ئێران روویدا.

عەلیرەزا رادەفەر، جێگری ئەمنی پارێزگای ورمێ دەڵێت: لە ناوچەی چاڵدێران شەڕ لەنێوان هێزێکی پاسەوانی سنووری ئێران لەگەڵ گرووپێکی چەکدار روویداوە و پێکدادانەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

دەشڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی تێکهەڵچوونەکە دەستیپێکردووە و 8 ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران گیانیان لەدەستداوە، زیانی زۆریش بە گرووپە چەکدارەکە گەیێندراوە.

رادەفەر  باسی ئەوەش دەکات کە لە سنووری شاری ورمێ شەڕ دەستیپێکردووە، بەڵام وردەکارییەکانیان بەدەست نەگەیشتوون.

تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک نییە ئایا گرووپە چەکدارەکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتن یان نا، حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش هیچ لێدوانێکیان لەبارەی شەڕەکە نەداوە.

Back to top button